دەستبەسەرکردن و نادیاریی چارەنووسی مامە عەلی‌نژاد لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە مەهاباد

٨ خاکەلێوە ٢٧٢٦، ١٨:٥٨

هەنگاو؛ شەممە ٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦

هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری مەهاباد، هاووڵاتییەکی گەنجیان بە ناوی مامە عەلی‌نژاد لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کردووە و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە لە ورمێ گواستۆتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (٢٤ی مارسی ٢٠٢٦)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد هاووڵاتییەکی کوردی تەمەن ٢٠ ساڵیان بە ناوی مامە عەلی‌نژاد دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە حکومەتییەکان بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری، هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی کاری ئەم هاووڵاتییە کە دوکانی میوەفرۆشی بووە و دەستبەسەریان کردووە.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی: «هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دوای دەستبەسەرکردنی مامە عەلی‌نژاد، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەکەی و وێڕای پشکنینی ماڵەکە، بە شێوەیەکی توندوتیژانە کەلوپەلی ناوماڵەکەیان تێکداوە».

بەدواداچوونەکانی هەنگاو نیشانی دەدەن کە ئەم هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکردن، بە مەبەستی لێپێچینەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە ورمێ گواستراوەتەوە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ مامە عەلی‌نژاد و هەروەها چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە