دەستبەسەرکردنی ئەفشین نەجم لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە شاری سەقز
هەنگاو: شەممە ٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦
هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سەقز، هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی ئەفشین نەجم دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (٢٥ی مارسی ٢٠٢٦)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سەقز، هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی کەسێک بە ناوی ئەفشین نەجم و دەستبەسەریان کردووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نێزیک لە بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە، دەستبەسەرکردنی ئەفشین نەجم بە تۆمەتی «هەبوون و بەکارهێنانی کەلوپەلی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینک» ئەنجام دراوە. هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە کاتی دەستبەسەرکردندا، وێڕای پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بەسەر کەلوپەلە تایبەتییەکانیدا گرتووە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر شوێنی ڕاگرتن، باری تەندروستی و چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لە ناوەندە ئەمنییەکاندا بێئاکام ماوەتەوە.