دەستبەسەرکردنی کیانووش عادڵپوور لە سەقز لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە
هەنگاو؛ هەینی ٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنەکانی ئەمدوایییە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، کیانووش عادڵپوور هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سەقز لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و کەلوپەلی تاکەکەسی بنەماڵەکەشی زەوت کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی پێنجشەممە ٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (٢٦ی مارسی ٢٠٢٦)، لانی کەم ١٥ کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە هێرشکردنە سەر ماڵی کیانووش عادڵپوور هاووڵاتیی تەمەن ٣٥ ساڵ، دەستیان داوەتە دەستبەسەرکردنی ناوبراو.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات وێڕای پشکنینی توندوتیژانەی ماڵەکە، مۆبایلی هاوسەر و منداڵەکانی بەڕێز عادڵپووریشیان زەوت کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
هەنگاو زانیویەتی کە، ناوەندە حکومەتییەکان هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییەیان بۆ هەبوونی ئامێری ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد (ستارلینک) گەڕاندووەتەوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی وردی کیانووش عادلپوور دوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، لەبەردەستدا نییە.