ڕێگری بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە لە ئازادی بە مەرجی محەمەد پەتایشی

ڕێگری بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە لە ئازادی بە مەرجی محەمەد پەتایشی

20:56 - 22 March 2020

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی پیرانشار کە ماوەی دوو ساڵە دەسبەسەر کراوە و ئێستا لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە، دۆخی جەستەیی ناجێگیرە و بەرپرسانی بەندیخانە لە ئازادی بەمەرجی ئەو بەندکراوە ڕێگری دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لە ئازادی بە مەرجی محەمەد پەتایشی، بەندکراوی سیاسی کورد ڕێگری دەکەن و تەنانەت دژایەتی داواکاری ناوبراو دەکەن کە داوای کردووە ماوەی حوکمەکەی لە بەندیخانەی نەغەدە تێپەڕێنێت.

ڕێگری کردنی بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە لە ئازادی بە مەرجی محەمەد پەتایشی لە کاتێکدایە کە ناوبراو کتێک لە دەستەبسەرگەی ئیتلاعات بووە بە هۆی ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعات سمتی لەجێ دەر هاتووە و نەخۆشی دڵیشی هەیە.

محەمەد پەتایشی تەمەن ٥١ ساڵ و کوڕی محەمەد کەریم، ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەشەممەی ٢٧١٧ ( ٢٧ی فوێریەی ٢٠١٨) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و دوای ٧ مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی پیرانشار و ئورمیە بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرایەوە و ئێستا لە بەندی ٣_٤ی ئەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە.

ناوبراو دواجار لەلاین لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی پەیوەندی لە گەل حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی ٧ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا و ئەو حوکمە دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە بۆ ٥ ساڵ و ٣ مانگ کەم کراوەتەوە.