کوشتاری سیستەماتیکی کۆڵبەران، برینداربوونی سێ کۆڵبەر لە سنووری نەوسوود

کوشتاری سیستەماتیکی کۆڵبەران، برینداربوونی سێ کۆڵبەر لە سنووری نەوسوود

18:02 - 4 September 2022



هەنگاو: یەکشەممە ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٢

سێ کۆڵبەری خەڵکی ڕوانسەر، سەلاسی باوەجانی و مەریوان بە ناوەکانی عەلی ئەحمەدی، پەرویز مورادی و ئیقباڵ عەلیزادە لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە سەختی بریندار کران.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەم سێ کۆڵبەرە سەر لە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٤ی سێپتەمبەری ٢٧٢٢) لە دوو شوێنی جیاواز لەلایەن هێزە چەکدارەکان و لە مەودای نزیکەوە بە چەکی ساچمەیی دراونەتە بەر دەستڕێژ.

شایانی باسە ئەم سێ کۆڵبەرە لە بەشی لاق و سەر و پشتیانەوە دراونەتە بەر دەستڕێژ و بە مەبەستی دەرمان بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گوازراونەتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ئەمساڵ ٧ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و ٢٣ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون. ٩٣٪ی ئەو حاڵەتانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی.