کوژران و بریندار بوونی شەش کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان

کوژران و بریندار بوونی شەش کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان

09:48 - 16 May 2020


هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لانیکەم شەش ۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی هەورامان، شنۆ و چالدێران لە کاتی کۆڵبەر گیانیان لە دەست داوە و یان بریندار کراون.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (١٦ی مەی ٢٠٢٠)، کۆڵبەرێکی لاوی خەڵکی شنۆ لەکاتی چوون بۆ کۆڵبەری کەوتووەتە ناو ڕووباری گادەر و گیانی لە دەست داوە.


ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە تەمەن ٢٥ ساڵە ”ئارام مەولوودی“ ڕاگەیەندراوە کە خێزاندار بووە و تەرمەکەی لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە دۆزراوەتەوە.


لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی هەینی ٢٦ی بانەمەڕ (١٥ی مەی)، هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە ملەی تەتەی هەورامان تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا دوو کۆڵبەر بە سەختی بریندار بوون.


هەتا ئێستا ناسنامەی یەکێک لەو کۆڵبەرانە بە ناوی ”نەوزاد“ خەڵکی گوندی بندۆڵ بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە. ئەو دوو کۆڵبەرە بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی شاری پاوە کراون.


هەروەها، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بانەمەڕ (١٣ی مەی)، هێزە چەکدارەکانی جێگیرلە بەرزاییەانی گوندی مادلووی چالدێران تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە و سێ کۆڵبەر بریندار بوون.


ناسنامەی ئەو سێ کۆڵبەرە ”مەناف حەسەن زادە“، ”بێهزاد ڕەمەزانی“ و ”ڕەزا سەرشیری“ ڕاگەیەندراوە کە لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە تەقەیان لێکراوە.