ڕفاندنی بەربڵاوی هاووڵاتییان لە مەهاباد: هەنگاو ناسنامەی ١٨ کەسیان بڵاو دەکاتەوە

ڕفاندنی بەربڵاوی هاووڵاتییان لە مەهاباد: هەنگاو ناسنامەی ١٨ کەسیان بڵاو دەکاتەوە

12:50 - 24 November 2022


هەنگاو: پێنجشەممە، ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

هێزە سەرکوتکەرە جێگیرکراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری مەهاباد، لە ماوەی حەوتەی ڕابردوودا دەستیان کردووە بە ڕفاندنی بەربڵاوی هاووڵاتییانی مەهاباد کە ناسنامە ١٨ کەس لەو دەستبەسەرکراوانە بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ڕۆژی چوارشەممە، ٢۵ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١۶ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) تاکوو ئێستا، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی خەڵکی شارستانی مەهاباد لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون. هەر لە ڕۆژی یەکەمی ئەو هەفتەیەدا سەید ڕێبوار بلکامە، خەڵکی گوندی "سەرچنار"ی مەهاباد لەلایەن هێزە حکومەتییەکان لەو شارە، دەستبەسەر کراوە.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەر ئەنوەر گۆران، ئاریان گۆران، کاوە عەزیزی و یوونس مەحموودی‌ئازەر، پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەستبەسەر کراون، بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.

هەر لەو ڕۆژەدا دیاکۆ خووزستانی، فایەق حوسێن پوور، موختار عەمارە، سینا ئەیازی و جەواد ئایاتی، پاش ئەوەی کە دەستبەسەر کراون، بۆ بەندیخانەی حکومەت لە شاری مەهاباد گوازراونەتەوە.

لە درێژەی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان لەو شارە، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی خەزەڵوەر، مەلا قادر ئەحمەدی، بەرنوێژی گوندی "خوڕخوڕە" و لەو گوندە هەروەها و میرمحەممەد ئەمینی، دانیشتووی گەڕەکی فەجر لە شاری مەهاباد، لە پێش ماڵەکەی خۆیانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی هەنگاو: هاوژینی میرمحەممەد ئەمینی دووگیانە و پاش پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورتماوە لەگەڵ میرمحەممەد، تووشی شۆکی عەسەبی بووە.

لە درێژەی ئەم ڕەوتەدا، فاروق محەممەد ڕەحیمی، ئارام محەممەد ڕەحیمی، کامران مومنی و کوڕی زاهیر لە حەوتەی ڕابردوودا و لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە، ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، هێدی نازمی و پەیام مەنسووری، لە ماڵی خۆیاندا و لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.