ئیلام؛ سزای نوێی بەندکران و خزمەتی زۆرەملێ بەسەر ئەحمەد عەلیزادە، چالاکی مەدەنی و مامۆستای خانەنشینکراو سەپێندرا
هەنگاو؛ سێشەممە ٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٦
دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران سزایەکی نوێی دژی ئەحمەد عەلیزادە، مامۆستای خانەنشینکراوی زۆرەملێ و چالاکی مەدەنی تەمەن ٥٣ ساڵی خەڵکی ئاودانان، دەرکرد. ئەم سزایە لە کاتێکدا دەرکراوە کە ناوبراو ئێستا ماوەی دوورخستنەوەی زۆرەملێی خۆی لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بەسەر دەبات.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەم دواییانە سزای نوێی ئەحمەد عەلیزادە لەلایەن لقی دادگای شۆڕشی ئیلام بە سەرۆکایەتیی دادوەر «ڕەجەب محەممەدی» بە شێوەی زارەکی پێی ڕاگەیەندراوە.
بەپێی سزای نوێ، دادگای شۆڕش ئەحمەد عەلیزادەی بە تۆمەتەکانی «بانگەشە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی»، «بانگەشە بە قازانجی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی نیزام» و «سووکایەتی بە دامەزرێنەر و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی» بە دوو ساڵ بەندکرانی تەعزیری (پلە ٥) لەگەڵ هەژمارکردنی ڕۆژانی دەستبەسەرکرانی پێشوو سزا داوە.
دادوەری دادگا جگە لە سزای بەندکران، ناوبراوی بە یەک ساڵ قەدەغەی چوونەدەرەوە لە وڵات، هەڵوەشاندنەوەی پاسپۆرت و هەروەها ١٠٨٠ کاتژمێر خزمەتی گشتیی خۆبەخش لە شارەوانیی ئاودانان وەک سزای تەواوکەر سزا داوە.
ئەحمەد عەلیزادە پێشتر لە کاتی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە کۆتاییەکانی خەرمانانی ٢٧٢٢ و جارێکی دیکە لە ١٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ دەستبەسەر کرابوو و دواتر بە بڕینی مووچە سزای خانەنشینکردنی زۆرەملێی بەسەردا سەپا.
ناوبراو لە دۆسیەی یەکەمیدا بە تۆمەتەکانی «پێکهێنانی دەستە و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش»، «بانگەشە دژی نیزام» و «تێکدانی بیروڕای گشتی» بە ٢٧ مانگ بەندکرانی دوو ساڵ دوورخستنەوە لە کار، یەک ساڵ بێبەشکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دوو ساڵ دوورخستنەوە سزا درا کە دوای تێپەڕاندنی بەشێک لە سزاکەی لە بەندیخانە و پێنج مانگ بەندکرانی ماڵەوە بە قۆڵبەندی ئەلیکترۆنی، لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ بۆ تێپەڕاندنی دوو ساڵ دوورخستنەوەی زۆرەملێ ڕەوانەی شارستانی فەنووج لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کرا و لە ئێستادا لە دوورخستنەوەدایە.