سنە؛ جێبەجێکردنی سزای سێدارەی شۆڕش سەتارزادە، بەندکراوی خەڵکی شاری سەقز دوای ۱۸ ساڵ بەندکران
هەنگاو؛ چوارشەممە ۱۰ی پووشپەڕی ۲۷۲۶
سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی شاری سەقز بەناوی شۆڕش سەتارزادە کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بە ئەنقەست» سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، پاش ۱۸ ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۱۰ی پووشپەڕی ۲۷۲۶ (۱ی جولای ۲۰۲۶)، سزای سێدارەی شۆڕش سەتارزادە، بەندکراوی خەڵکی گوندی چاپان سەر بە ناوچەی زێویەی شاری سەقز، لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، شۆڕش سەتارزادە ۱۸ ساڵ پێش (ساڵی ۲۷۰۸) لە ئەنجامی ناکۆکییەکی خێزانیدا، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی خەسووی خوشکەکەی بەناوی «خاوەر» لە سەقز دەستبەسەر کرا و لە لایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
هەتا کاتی داڕشتن و بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی شۆڕش سەتارزادە لە میدیا ناوخۆییەکانی ئێران و میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.