ناڕوونیی چارەنووسی ئارمین عەبدوڵڵاهی‌ئازەر، خوێندکاری خەڵکی سنە

هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، ئارمین عەبدوڵڵاهی‌ئازەر، خوێندکاری خەڵکی شاری سنەیان لە ماڵەکەی خۆیدا ڕفاندووە و چارەنووسی ناڕوونە.

٢١ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ١٨:٣٧


هەنگاو؛ شەممە ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧٢

هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، ئارمین عەبدوڵڵاهی‌ئازەر، خوێندکاری خەڵکی شاری سنەیان لە ماڵەکەی خۆیدا ڕفاندووە و چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ٢۶ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (١٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) ئارمین عەبدوڵڵاهی‌ئازەر، تەمەن ٢۶ ساڵ و خوێندکاری خەڵکی شاری سنە، لە ماڵی خۆیان و لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لەو شارە ڕفێندراوە.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی هەنگاو، هێزە حکومەتییەکان دەستیان بەسەر کەرەستە و کەلوپەلی تاکەکەسیی ناوبراو وەک مۆبایل و کۆمپیۆترەکەیدا گرتووە و بردوویانە.

ئارمین عەبدوڵڵاهی‌ئازەر، خوێندکاری بەشی ژمێریاری لە زانکۆی ئازادی شاری سنەیە کە هاوکات بۆ بژێوی ژیانی بنەماڵەکەی، لە یەکێک لە کافتریاکانی ئەو شارەشدا کاری دەکرد.


ئەو هاووڵاتییە ڕفێندراوە پاش یەک حەوتوو لە ڕفاندنەکەی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورتی بە بنەماڵەکەیەوە گرتووە و دواتر دایکی ئارمین وێڕای ئاماژەدان بەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە کورت ماوە، ڕایگەیاندووە کە بارودۆخ و تەندروستیی کوڕەکەی لە مەترسیدایە.

لە کاتی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەوە کە یەکەمین و دوایین پەیوەندیی ئارمین بە بنەماڵەکەیەوە بووە، تاکوو ئێستا هیچ زانیاری و هەواڵێکی نوێ لەسەر بارودۆخ و چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە