بانگکران و دەستبەسەرکرانی ئارمان مورادی، خوێندکاری خەڵکی دیواندەرە بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی

٣١ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٢٠:٤٨

هەنگاو؛ دووشەممە ٣١ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

ئارمان مورادی، خوێندکاری زانکۆی ڕازی کرماشان و لە دەستبەسەرکراوانی ساڵیادی کوژرانی حکومەتیی ژینا ئەمینی لە دیواندەرە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٥ مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٣١ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٢٠ی مەی ٢٠٢٤)، ئارمان مورادی تەمەن ٣١ ساڵ، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزیی خەڵکی گوندی "دەرەگاوان" سەر بە شاری دیواندەرە و خوێندکاری بەشی کارناسیی باڵای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی ڕازی کرماشان، دوای بانگکران و ڕۆیشتن بۆ جێبەجێکرانی سزاکانی سنە بەمەبەستی تێپەڕکردنی ماوەی سزاکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، ئارمان مورادی لەم دوایییانەدا لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) " سزای پێنج مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

ئارمان مورادی، لە ڕێکەوتی ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣) و هاوکات لەگەڵ کوژرانی حکومەتیی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ماڵی بنەماڵەییەکەی لە گوندی دەرەگاوان دەستبەسەر کرابوو و دوای تێپەڕکردنی ٢٨ ڕۆژ بەدانانی بارمتەی یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە