ڕفاندن و دەستبەسەرکردنی ٢۵ هاووڵاتیی خەڵکی ئابدانان کە پێنج کەسیان منداڵن

لە ماوەی یازدە ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم ٢۵ هاووڵاتیی خەڵکی شاری ئابدانان سەر بە پارێزگای ئیلام لە ڕەوتی ڕاپەڕینی خەڵکی ئەو شارە و لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە

٨ سەرماوەز ٢٧٢٢، ٢٠:٢١


هەنگاو: سێشەممە، ٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

لە ماوەی یازدە ڕۆژی ڕابردوودا لانی کەم ٢۵ هاووڵاتیی خەڵکی شاری ئابدانان سەر بە پارێزگای ئیلام لە ڕەوتی ڕاپەڕینی خەڵکی ئەو شارە و لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون کە ۵ کەسیان منداڵن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی پێنجشەممە، ٢۶ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، ڕامین سەیدی و ڕوحوڵڵا ڕەحیمی، لەلایەن هێزە حکومەتییە جێگیرکراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری ئابدانان ڕفێندراون.

پاش ٢٤ کاتژمێر لە دەستبەسەرکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە، واتە ڕۆژی هەینی ٢٧ی خەزەڵوەر، یووسف مورادی و ئەحمەد مورادی لە بەنزینخانەیەکی شاری ئابدانان ڕفێندراون و سەرلەئێوارەی هەمان ڕۆژ دوو برای دیکە بە ناوەکانی ئەمین فەرزی و محەممەد فەرزی لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گوازتراونەتەوە.

لە درێژەی ڕەوتی دەستبەسەر و ڕفاندنەکان و سەرکوتی خەڵکی شاری ئابدانان لەلایەن ناوەندە سەرکوتەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ڕۆژی شەممە، ٢٨ی خەزەڵوەر، ئیحسان مونشیزادە لەلایەن ئەو هێزانەوە ڕفێندراوە و هاوکات لەگەڵ ڕفاندنی ئەو هاووڵاتییە، بە لێدان بێڕێزی و سووکایەتیشیان بە دایک و باوکی ئەو ناوبراو کردووە، لە کاتەوە تاکوو ئێستا دوو منداڵی ۵ ساڵە و ١٠ ساڵەی ئەو دایک و باوکە بە هۆی ترسان لە ئاکامی ئەو هێرشە دڕندانەیەدا بارودۆخی تەندروستی و دەروونییان ناجێگیرە.

هەروەها چەند هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی سۆنیا شەریفی، تەمەن ١٧ ساڵ، ئەمیر حوسێن مووسەوی، تەمەن ١۶ ساڵ و هەروەها محەممەد قاسمی، ڕامین سولەیمانی، یاسر ئەنساری، ئەبووزەڕ خەلیلی و پووریا محەممەدزادە، هەر لەو ڕۆژەدا ڕفێندراون.

هەنگاو زانیویەتی کە سۆنیا شەریفی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی حکومەت لە شاری ئیلام گوازتراوتەوە و بارودۆخی دەروونیی ناوبراو ناجێگیرە.

هەروەها ڕۆژی شەممە، ٢٩ی خەزەڵوەر، ئەمیرڕەزا مووسەوی، میلاد ئەنساری، موسەدق بەیگی، مەهدی شاهمورادی و محەممەد خەلیلی، لەلایەن هێزە حکومەتییە جێگیراوەکان لەو شارە ڕفێندراون.

ناوەندە سەرکوتکەرەکانی حکومەت جارێکی تر لە ڕۆژی هەینی، ٤ی سەرماوەز هێرشیان کردووەتەوە سەر شاری ئابدانان و هاووڵاتییەکی تر بە ناوی ئەمیر محەممەد بەیگیپوور لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراوە.

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە، ۶ی سەرماوەز، ئەشکان ئەحمەدی تەمەن ١٨ ساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراوە.

لە درێژەی ئەم ڕەوتەدا ڕۆژی دووشەمە، ٧ی سەرماوەز، جیا لە عەلیڕەزا حوسێنی و سینا حەقیر، دوو مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوەکانی محەممەد مەهدی محەممەدی و مەهدی جەوشەن لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو هاووڵاتییانە لە بەرەبەیانی و بە هێرشی دڕندانە لەناو ماڵی خۆیاندا ڕفێندراون و ناوەندە سەرکوتکەرەکان هەڕەشەیان لە ئەندامانی بنەماڵەکانیشیان کردووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە