پاوە؛ ڕاپۆرتێک لەبارەی برینداربوونی ژیوار ڕەحمانی، مێرمنداڵی ١٧ ساڵە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حوکوومەتیەکان
هەنگاو؛ چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٥
مێرمنداڵێکی ١٧ ساڵەی کورد بە ناوی ژیوار ڕەحمانی، خەڵکی پاوە، لەئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حوکوومییەکان بە سەختی بریندار بوو و دۆخی جەستەیی ناجێگیر ڕاگەیەندراوە. ئۆتۆمبێلی ئەم مێرمنداڵە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لەلایەن هێزە حوکوومییەکانی بنکەی “ملاندەر”وە کراوەتە ئامانج.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (٩ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، ژیوار ڕەحمانی، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی گوندی “نەیسانە”ی سەر بە پاوە بە تەقەی هێزە حوکوومییەکان ڕوو لە ئۆتۆمبێلەکەی بە سەختی بریندار بووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: ژیوار ڕەحمانی دوای بەرکەوتنی فیشەک بە کەمەر و ملی و بەهۆی ئەو تەقە ڕاستەوخۆیە زیان بە بڕبڕەی پشتی گەیشتووە،و لەبەر سەختیی برینەکانی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی کرماشان کراوە و دۆخی جەستەیی زۆر ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.''
بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، پزیشکەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەم هاووڵاتییە لە ڕۆژانی داهاتوودا چەندین نەشتەرگەریی بۆ ئەنجام دەدرێت، بەڵام ئەم نەشتەرگەرییانە مەترسیی زۆریان بۆ ناوبراو هەیە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئۆتۆمبێلی ژیوار ڕەحمانی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو لەلایەن هێزە حوکوومییەکانی بنکەی مڵلاندەرەوە دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللە، بە شێوەیەک کە ١٨ گوللە بەر ئۆتۆمبێلەکە و ٦ گوللە بەر جەستەی ئەم مێردمنداڵە کەوتووە.
هەنگاو پێی گەیشتووە کە هێزە حوکوومییەکان بە گومانی ئەوەی ناوبراو پاسەوانی باری قاچاخ بووە، تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی ئەم هاووڵاتییە کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئۆتۆمبێلەکەی ژیوار لە شوێنی ڕێگەپێدراو وەستابوو.