شنۆ؛ دەستبەسەرکرانی دیار گەرگول و ئالان تابناک، دوو منداڵی تەمەن ۱۶ ساڵی کورد

٢٦ خەرمانان ٢٧٢٥، ٢١:٠٦
هەنگاو؛ چوارشەممە ۲۶ی خەرمانانی ۲۷۲۵
دوو منداڵی تەمەن ۱۶ ساڵی خەڵکی شاری شنۆ بەناوەکانی دیار گەرگول و ئالان تابناک، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۲۶ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۱۷ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، دیار گەرگول و ئالان تابناک، دوو منداڵی تەمەن ۱۶ ساڵی خەڵکی شاری شنۆ دەستبەسەر کران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو منداڵە لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەیان و بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کراون.
دیار گەرگول و ئالان تابناک لە منداڵانی بەجێماو لە خوێندنن کە دوای دەستبەسەرکرانیان بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و زانیارییەک لەسەر بارودۆخی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.
سەرچاوە: Hengaw