کوژرانی خوێندکارێکی کوردی تەمەن ٢٠ ساڵ، بەهۆی لێدانی باتۆم لەلایەن هێزە حکومەتییەکان

عەلیڕەزا کەریمی، تەمەن ٢٠ ساڵ، خوێندکاری زانکۆ و خەڵکی شاباد، لە خۆپیشاندانە خوێندکارییەکانی شاری ئەراک، بەهۆی لێدانی باتۆم لەسەری لەلایەن هێزە .

٢٠ خەزەڵوەر ٢٧٢٢، ٠٠:٣١


هەنگاو: پێنجشەممە، ١٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢

عەلیڕەزا کەریمی، تەمەن ٢٠ ساڵ، خوێندکاری زانکۆ و خەڵکی شاباد، لە خۆپیشاندانە خوێندکارییەکانی شاری ئەراک، بەهۆی لێدانی باتۆم لەسەری لەلایەن هێزە سەرکوتکارەکانی حکومەت گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عەلیڕەزا کەریمی خوێندکاری بەشی مایکرۆبایۆلۆژی زانکۆی ئەراک، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ لەکاتی خۆپیشاندانە خوێندکارییەکانی ئەو زانکۆیە، کەوتۆتە بەرهێرشی هێزە سەرکوتکارەکانی حکومەت و لە ئەنجامی لێدانی باتۆم لەسەری لەلایەن ئەو هێزانەوە، گیانی لەدەستدا.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی کەریمی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ هەنگاو ڕایگەیاند: "عەلیڕەزا ساڵی دووەمی زانکۆی بوو. دوای ئەوەی لە خۆپیشاندانە خوێندکارییەکانی زانکۆی ئەراک، کەوتووەتە بەر هێرشی هێزە حکوومەتییەکان و بەهۆی لێدانی باتۆم لەسەری بە سەختی برینداربووە، گەڕاوەتەوە ماڵە خوێندکارییەکەی و دوای چەند کاتژمێر بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستداوە".

ئەم کەسە، لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند: "عەلیڕەزا کەریمی کرێنشینی ژنێکی بەتەمەن بووە. کاتێک تەرمەکەیان لە ناو ماڵەکەی دیتووەتەوە کە لە بەشی گوێیەکانی تووشی خوێنبەربوون بووە".

هەنگاو زانیویەتی کە ناوەندە ئەمنییەکان بەو مەرجە تەرمی عەلی ڕەزایان بە بنەماڵەکەی داوەتەوە کە هۆکاری مردنی ناوبراو بە خۆکوشتن ڕابگەیەنن و لە ئەگەری دژایەتی کردن لەگەڵ ئەو مەرجە، جەلیل کەریمی و سۆسەن مورادی دایک و باوکی عەلی ڕەزا لە سەر پیشەکەیان، کە هەردووکیان مامۆستای قوتابخانەکانی شاری شابادن دەردەکرێن.

سەرچاوەی پێشوو لە درێژەدا ڕایگەیاند، ناوەندە ئەمنییەتییەکان جەختییان کردووەتەوە، کە شەوی پێنجشەممە بەبێ بەڕێوەچوونی هیچ ڕێوڕەسمێک تەرمی ئەو خوێندکارە کوردە بە خاک بسپێرن، کە لە ئەنجامی دژایەتی توندی بنەماڵەکەی کاتی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلیڕەزا گۆڕدراوە بۆ کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی.

سەرەڕای هەموو ئەو مەرجانە کە بۆ ئەسپەردەکردنی تەرمی عەلیڕەزا کەریمی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دیاریکراون، ئەو ناوەندانە ئیزنیان نەداوە کە تەرمی ناوبراو لە گۆڕستانی بنەماڵەییان واتە لە گۆڕستانی ئیمامزادە حوسێن لە شارۆچکەی حومەیل بە خاک بسپێرن. ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەو خوێندکارە لەژێر گوشاری ئەو ناوەندانە بڕیارە لە گۆڕستانی باخی ڕزوانی شاباد بەڕێوە دەچێت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە