ڕاپۆرتێک لەسەر ئیحسان قاسمی فەر، ئەو لاوە کوردەی خەڵکی کەنگەڤەر کە لە کەرەج کوژرا
ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی ئیحسان قاسمی فەر، ئەو لاوە کوردەی خەڵکی شاری کەنگەڤەر سەر بە پارێزگای کرماشان کە چەند شەو لەمەوبەر لە شاری کەرەج بە تەق
هەنگاو: شەممە، ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٢
ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی ئیحسان قاسمی فەر، ئەو لاوە کوردەی خەڵکی شاری کەنگەڤەر سەر بە پارێزگای کرماشان کە چەند شەو لەمەوبەر لە شاری کەرەج بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا، ڕۆژی یەکشەممە لە زێدی لەدایکبوونی خۆی بەڕێوە دەچێت.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئیحسان قاسمی فەر، خەڵکی شاری کەنگەڤەر و دانیشتووی گەڕەکی "سەر ئاسیاب"ی شاری کەرەج، درەنگانی شەوی چوارشەممە، ٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٣٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، لە مەودایەکی نزیکەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کەرەج کوژرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیحسان قاسمی فەر کە بۆ کڕینی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی ناوماڵ چووبووە دەرەوە، هاوکات لە لاپەڕەی ئینستاگرامی تاکەکەسیی خۆی ڤیدیۆی ڕاستەوخۆی (لایڤ) کردبووە و پاش ئەوەی کە هێزە حکومەتییەکان گەمارۆیان دابوو، ڤیدیۆ ڕاستەوخۆکەی داخرا و پاش چەند کاتژمێر لەو ڕووداوە، هەواڵی کوژرانی ناوبراو بڵاو کرایەوە.
هەنگاو زانیویەتی کە تەرمی ئیحسان قاسمی فەر سەرلەئێوارەی ڕۆژی شەممە، ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی خەزەڵوەر، ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ناوبراو لە گۆڕستانی "بەهەشتزەهرا"ی شاری کەنگەڤەر بەڕێوە دەچێت.
بە وتەی کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی قاسمی فەر، ناوەندە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی ئەو لاوە کوژراوە تاکوو هۆکاری مردنی ئیحسان بە جەڵتەی دڵ لە قەڵەم بدەن.