ڕفاندنی شەش ئەندامی سێ بنەماڵە لە قوروە، کرماشان و سنە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە

لە درێژەی ڕەوتی دەستبەسەرکردن و ڕفاندنی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کوردستان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، دوو برای خەڵکی شاری قوروە بە ناوەکان

٢٦ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١١:٣٢


هەنگاو: شەممە، ٢۶ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

لە درێژەی ڕەوتی دەستبەسەرکردن و ڕفاندنی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کوردستان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، دوو برای خەڵکی شاری قوروە بە ناوەکانی سەعید خالیدیان و ئومید خالیدیان، دوو برای خەڵکی شاری کرماشان بە ناوەکانی سەجاد جەمشیدی و عیرفان جەمشیدی، هەروەها دوو برای خەڵکی شاری سنە بە ناوەکانی هێرش فاتیحی و شۆڕش فاتیحی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ١۶ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٧ی دیسەمبەری ٢٠٢٢)، سەعید محەممەدی، خەڵکی شاری قوروە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراوە و برایەکی تری ناوبراو بە ناوی ئومێد محەممەدی، پاش ئەوەی کە بە تەقەی ئەو هێزانە بە سەختی بریندار و تووشی خوێنڕێژی بووە، ئەویشیان ڕفاندووە.

هەروەها لە حەفتەی سەرەتای مانگی سەرماوەزدا، هێزە حکومەتییە جێگیرکراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری کرماشان، لە شەقامی "شیرین" بە شەودا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی دوو برا بە ناوەکانی سەجاد جەمشیدی، تەمەن ٢٧ ساڵ و عیرفان جەمشیدی، تەمەن ٢٣ ساڵ و ئەو دوو هاووڵاتییەیان ڕفاندووە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ناوەندە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەیان لە دایک و باوکی ئەو دوو برایە کردووە کە بە هیچ شێوەیەک نابێت هەواڵی ڕفاندنی منداڵەکانیان لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو بکرێتەوە.

شایانی باسە کە ئەو دوو برایە وەستای چاککردنەوە ئۆتۆمبێل بوون و لە نزیک ماڵەکەی خۆیانەوە کاریان دەکرد.

هەر لە درێژە ڕفاندنی هاووڵاتییانی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ڕۆژی شەممە، ٢١ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سنە بە ناوی هێرش فاتیحی لە شوێنی کارەکەی خۆی و برایەکی ناوبراویش بە ناوی شۆڕش فاتیحی، لە ماڵی خۆیدا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندراون.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەو شەش هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان هیچ ئاکامێکی نەبووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە