ئەشکەنجەی سیروان محەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سوپا

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا قەرارگای شەهرامفەر بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ، گوشارێکی لەڕادەبەدەری خستووەتە سەر سیروان محەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری

٢٧ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١٦:١٣


هەنگاو: یەکشەممە، ٢٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا قەرارگای شەهرامفەر بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ، گوشارێکی لەڕادەبەدەری خستووەتە سەر سیروان محەممەدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە و بە شێوەیەکی دڕندانە ناوبراویان ئەشکەنجە کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ٢۵ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١۶ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، سیروان محەممەدی، دانیشتووی گەڕەکی حاجی‌ئاوای شاری سنە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ قەرارگای شەهرامفەر گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی هەنگاو، ئەو هاووڵاتییە ماوەی یەک مانگە بەردەوام لەژێر گوشاری لەڕادەبەدەر و ئەشکەنجەی دڕندانەی جەستەیی و دەروونیی هێزەکانی ئەو قەرارگایەدایە و بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو خراپ و لە مەترسیدایە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە هەنگاو گەیشتوون؛ هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گوشارێکی زۆریان خستووتە سەر سیروان محەممەدی بۆ ئەوەی کە بە شێوەی زۆرەملێ دان بەوەدا بنێت کە "پارەی لە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە ئەورووپا وەرگرتووە".

دۆسیەی ئەو هاووڵاتییە هەنووکە بۆ بەشی لێپرسینەوەی دادسەرای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە شاری سنە نێردراوە و تۆمەتی "ئاژاوەگێڕی و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایش گشتی"دراوەتە پاڵ ناوبراو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار؛ بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی سیروان محەممەدی تاکوو ئێستا هیچ ئاکامێکی نەبووە و چارەنووس ئەو هاووڵاتییە هێشتا ناڕوونە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە