سەپاندنی سزای ۵ ساڵ بەندکردنی بەسەر خوێندکاری کورد و خەڵکی شاری مەریوان

خوێندکاری کورد بە ناوی سەید پووریا نەحوی، لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی کە بە "دادوەری مەرگ" ناوبانگی دەرکر

٩ سەرماوەز ٢٧٢٢، ٢٣:٣٨


هەنگاو: چوارشەممە، ٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

خوێندکاری کورد بە ناوی سەید پووریا نەحوی، لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی کە بە "دادوەری مەرگ" ناوبانگی دەرکردووە، بە تۆمەتی "ئەمنییەتی" سزای ۵ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٨ نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) خوێندکاری کورد و خەڵکی شاری مەریوان بە ناوی سەید پووریا نەحوی، لەلایەن لقی ١۵ی دادگای شۆڕشی شاری تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی، بە ۵ ساڵ بەندکردن سزا درا.

ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری تاران دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە کوردە بەم شێوەیە: "پێکهێنانی گرووپ بە دژی ئاسایش و تەناهی وڵات" و "تێکدانی ئاسایشی گشتی و بەشداریی کۆبوونەوە نایاسایییەکان".

سەید پووریا نەحوی، لە ڕەوتی ئاخێز و ڕاپەڕینی خەڵکی شاری تاران، ڕۆژی شەممە، ١۶ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

ئەو خوێندکارە کوردە پاش ئەوەی کە بە شێوەیەکی دڕندانە و بە لێدان دەستبەسەر کراوە، بۆ بەندیخانەی گەورەی (فشافویە) گوازراوەتەوە.

ناوبراو تاکوو ئێستە لەو بەندیخانەیەدایە و لەو ماوەیەشدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە