سەپاندنی سزای قورسی بەندکردن و لێدانی قامچی بۆ خوێندکارێکی کوردی زانکۆی تاران

محەممەد جەوهەری، خوێندکار و خەڵکی سەردەشت، دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی زانکۆی تاران، سزای ٤ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران و لێدانی ە

١٢ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١١:٤٩


هەنگاو: سێشەممە، ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

محەممەد جەواهری، خوێندکار و خەڵکی سەردەشت، دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی زانکۆی تاران، سزای ٤ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران و لێدانی ٧٤ زەربە قامچی لەلایەن دەزگای دادوەریی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەممەد جەواهری، تەمەن ٢٧ ساڵ و خوێندکاری کارناسی باڵای توێژینەوەی لاوان لە زانکۆی تاران، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر نیما ئەفشاری، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تبانی" سزای ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران و هەروەها بە تۆمەتی "تێکدانی تەکووزی کۆمەڵگا" سزای یەک ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.


هەروەها، بەپێی بڕیاری دادگا، ئەو خوێندکارە بۆ دوو ساڵ مافی چوونەدەرەوەی لە وڵات و ئەندام بوونی لە گرووپ و ڕێکخراوەکانی لێ زەوت کراوە. بە لەبەرچاوگرتنی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، زۆرترین سزا واتە ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران جێبەجێ دەکرێت.

محەممەد جەواهری، ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، دوای هاتنەدەرەوەی لە بەشی ناوخۆیی زانکۆی تاران و لە کاتی گەڕانەوەی بۆ شاری سەردەشت لە تێرمیناڵی "مسافربری غرب"، لەلایەن هێزە حکومەتییەکان دەستبەسەر کرا.

ئەو هاووڵاتییەی خەڵکی سەردەشت، دوای تێپەڕدنی ٢١ ڕۆژ بەندکران، لە کۆتاییدا بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا.

لە ئێستاشدا، بەشی پاراستنی زانکۆی تاران (حراست)، کە لە پرۆسەی دەستبەسەرکردنی محەممەد جەواهری هاوکاری هێزە حکومەتییەکانی کردبوو، ناوبراوی لە چوونە ناو زانکۆ هەڵسپاردووە.

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، بنەماڵەی محەممەد جەواهری لە دۆخێکی دژواردان و باوکی محەممەد بەهۆی گوشاری دەروونی زۆر لەدوای زانینی سزا قورسە سەپێندراوەکان بەسەر کوڕەکەیدا، تووشی جەڵتەی مێشک بووە و لەدوای ئەنجامدانی چەند نەشتەرگەرییەک لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، توانای ئاخاوتنی لەدەست داوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە