شکانی ددان، پەراسوو و پەنجەکانی دەست و پێی هێمن مستەفایی، بەندکراوی مەحکووم بە سێدارە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە

هێمن مستەفایی، بەندکراوی مەحکووم بە سێدارەی خەڵکی کانی دینار سەر بە شاری مەریوان، دوای ئەوەیکە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ٩ی خەزەڵوەری بەندکراوانی بەندیخانە

٤ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١٥:٣٩


هەنگاو: یەکشەممە، ٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٢

هێمن مستەفایی، بەندکراوی مەحکووم بە سێدارەی خەڵکی کانی دینار سەر بە شاری مەریوان، دوای ئەوەیکە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ٩ی خەزەڵوەری بەندکراوانی بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە، بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعات گواسترابووەوە، لە ژێر ئەشکەنجەدا، چەند ئەندامێکی جەستەی شکاوە و بەهۆی پێکرانی بە گوللەی ساچمەیی لە بەشی چەپی سینگی، پێویستی بە نەشتەرگەریی بەپەلە هەیە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێمن مستەفایی تەمەن ٣٣ ساڵ کە لە ئێستادا لە بەندی تاکەکەسی دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە، لە ژێر ئەشکەنجەدا، سێ پەراسوو، دوو ددان و پەنجەکانی دەست و پێی شکاون و لە ژێر گوشارێکی توندی ڕۆحی و فیزیکی دایە.

هێمن مستەفایی پێش گواستنەوەی بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعات لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، دەیەمین ساڵی بەندکرانی لە بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە تێ دەپەڕاند؛ ناوبراو لەلایەن داواکاری گشتی پارێزگای سنە هەڕەشەی جێبەجێکرانی "سزای سێدارە" سەپەێندرا و بەسەریدا لێکراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە، گوللەی چەکی ساچمەیی هێزە حکومەتییەکان بەر بەشی چەپی سینگی کەوتبوو و ساچمەکان چوونەتە ناو قوڵایی جەستەی ناوبراو و نزیک دڵی.

سەرەڕای سەختی برین و خراپی باری تەندروستی هێمن مستەفایی و پێویستی خێرای بە نەشتەرگەری و چارەسەری پزیشکی، هەتا ئێستا لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە ئیزنی گواسترانەوەی ناوبراو بۆ ناوەندە دەرمانییەکان دەرنەکراوە.

هێمن مستەفایی، لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەمەی ٢٧١٢ بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی پێشووی سوپای پاسداران بەناوی ئیبراهیم محەممەدی لە شاری مەریوان دەستبەسەرکرا. ناوبراو لە کاتی لێکۆڵینەوە، لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە گرتنە ئەستۆی کوشتنی ئەو ئەندامەی سوپای پاسداران بوو.

دواتر ئەم بەندکراوە، لەلایەن دادگای تاوانەکانی سنە، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای "قصاص" و بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەک سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. شیاوی ئاماژە پێدانە کە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی شاری سنە، دۆسیەی تۆمەتی موحاڕەبەیان بۆ هێمن مستەفایی دەرکردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست لەلایەن دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ڕەدکرایەوە.

هەروەها لە جۆزەردانی ساڵی ٢٧١٧ بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی هێمن مستەفایی، بۆ بەندی تاکەکەسی بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە گواسترابووەوە، کە لە کۆتایدا بەهۆی کۆبوونەوەی خەڵک لەبەردەم بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی و هەروەها وەرگرتنی لێخۆشبوونی سکاڵاکەری تایبەت، جێبەجێکرانی سزاکەی هەڵوەشایەوە.

پێش دەستبەسەرکرانی هێمن مستەفایی بۆ ماوەیەک ئەندامی حیزبێکی کوردستانی بووە. لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم دۆسییەیە سێ هاووڵاتی دیکە بەناوەکانی بەیان کاکەخانی، هیوا داد ئافەرین و خەلیل شێرزادی بە تۆمەتی بەشداری لە کوشتنی ئیبراهیم محەممەدی دەستبەسەرکرابوون کە دانپێدانانی زۆرەملێی ئەم کەسانە لەژێر ناوی "سوژە مرگ" لە کەناڵی "پرس تی ڤی" سەر بە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێکەوتی ٩ی بەفرانباری ٢٧١٣ بڵاو کرایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە