چارەنووسی دوو خوێندکاری دەستبەسەرکراوی کورد لە تاران دوای سێ حەوتوو هەروا ناڕوونە

سەرەڕای تێپەڕینی سێ حەوتوو بەسەر دەستبەسەرکرانی محەممەد زەرزا و مەسعوود قوربانی، دوو خوێندکاری کوردی زانکۆی "تەندروستیی کۆمەڵایەتیی’’ تاران، هەتا ئێستا .

٢٠ سەرماوەز ٢٧٢٢، ١١:٤٢


هەنگاو: یەکشەممە، ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٢
سەرەڕای تێپەڕینی سێ حەوتوو بەسەر دەستبەسەرکرانی محەممەد زەرزا و مەسعوود قوربانی، دوو خوێندکاری کوردی زانکۆی "تەندروستیی کۆمەڵایەتیی’’ تاران، هەتا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەردەستدا دانییە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە، ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) محەممەد زەرزا، خوێندکاری بەشی فیزیۆتراپی خەڵکی شنۆ و مەسعوود ڕۆستەمی خوێندکاری بەشی ئارتز و پرۆتز و خەڵکی کامێران لە زانکۆی تەندروستی کۆمەڵایەتیی تاران، لەلایەن هێزە حکومەتییەکان دەستبەسەر کراون.

ئەم دوو خوێندکارە، دوای بانگکرانیان بۆ وەزارەتی تەندروستی، دەرمان و پەروەردەی پزیشکی و لە کاتی ڕۆشتنیان بۆ ئەو وەزارەتخانەیە دەستبەسەرکراون.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو خوێندکارە دوای دەستبەسەرکرانیان بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین، کە ناسراوە بە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات گواستراونەتەوە.

سێ حەوتوو بەسەر دەستبەسەرکرانی محەممەد زەرزا و مەسعوود قوربانی تێدەپەڕێت، بەڵام هەتا ئێستا لە مافی دەست ڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری بوون و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان لەم ڕاستایەدا بێ ئەنجام ماوەتەوە.

شیاوی ئاماژە پێدانە، کە لە ڕۆژانی سەرەتایی دەستبەسەرکرانیان، ئەم دوو خوێندکارە توانیویانە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کورت لەگەڵ بنەماڵەکانیان بگرن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە