ئاشکراکردنی ناسنامەی ٧ هاووڵاتیی دیکە، ژمارەی دەستبەسەرکراوانی جوانڕۆ گەیشتە ٢٨ کەس

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ٧ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی ئالان وەیسی، ئیرشاد محەممەدی، ئاسۆ یاری، زانا سەحراگەرد، مەیسەم فەتحی، بەرزان ئیمامی و سەهەند ئاقایی لە

١٥ بەفرانبار ٢٧٢٢، ٢٢:٣٦


هەنگاو: پێنجشەممە، ١۵ی بەفرانباری ٢٧٢٢

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ٧ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی ئالان وەیسی، ئیرشاد محەممەدی، ئاسۆ یاری، زانا سەحراگەرد، مەیسەم فەتحی، بەرزان ئیمامی و سەهەند ئاقایی لە شاری جوانڕۆ دەستبەسەر کراون. بە هەژمارکردنی ئەم ٧ حاڵەتە ژمارەی دەستبەسەرکراوانی شاری جوانڕۆ گەیشتووە بە ٢٨ کەس.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ کاتژمێری ۵ی بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٤ جەنیوەری ٢٠٢٢)، ئالان وەیسی، منداڵی تەمەن ١۶ ساڵ، پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندراوە، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئالان وەیسی، خاڵۆزا و هاوڕێی بەهادین وەیسی بوو کە لە ڕەوتی ڕاپەڕینی سەرلەئێوارەی ٢٩ی خەزەڵوەری خەڵکی شاری جوانڕۆ و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە کوژرا.

لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی شاری جوانڕۆ لە ڕۆژی ١٤ی بەفرانبار، ئیرشاد محەممەدی، کارناسی کاردەرمانی، ئاسۆ یاری، وەرزشوانی بەئەزموونی لەشجوانی و هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی مەیسەم فەتحی، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

پێشتریش، لە ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی خەزەڵوەر، دوو منداڵی خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوەکانی سەهەند ئاقایی، ١۶ ساڵ و زانا سەحراگەرد، قوتابیی تەمەن ١۵ ساڵ، پاش ئەوەی کە لەلایەن حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕفێندراون، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

هەروەها لە ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٢، بەرزان ئیمامی، تەمەن ١٩ ساڵ، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە شاری جوانڕۆ دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراوی ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا و پاش کوژرانی بورهان ئەلیاسی، لە ڕۆژی شەممە، ١٠ی بەفرانبار تاکوو پێنجشەممە، ١۵ی بەفرانبار، لانی کەم ٢٨ هاووڵاتیی خەڵکی شاری جوانڕۆ لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە