دەستبەسەرکرانی پێنج هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە
پێنج هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە، بە ناوەکانی زاهید سولەیمانی، کاوە کەریمیان، ئەرسەلان دیوارگەر، سیروان مورادیان و مەیسەم مەلاوەیسە لەلایەن هێزەکانی حک
هەنگاو: چوارشەممە ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٢
پێنج هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە، بە ناوەکانی زاهید سولەیمانی، کاوە کەریمیان، ئەرسەلان دیوارگەر، سیروان مورادیان و مەیسەم مەلاوەیسە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستبەسەرکران و چارەنووسیان ناڕوونە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (١٠ی جەنیوەری ٢٠٢٣) زاهید سولەیمانی، خەڵکی دیواندەرە و مامۆستای ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان لە نزیک قوتابخانەی تایبەتی "وریا" لە گەڕەکی ئەندێشە، لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستبەسەرکرا. هەر لە هەمان ڕۆژدا، کاوە کەریمیان دوای دەستبەسەرکرانی لە شەقامی "ئازادگان"ی دیواندەرە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوە.
هەروەها، ئەرسەلان دیوارگەر تەمەن ٤٢ ساڵ و خەڵکی دیواندەرە، ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢ دوای بانگکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەرکرا و دواتر بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواستراوەیەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە، ١٧ی بەفرانبار، سیروان مورادیان خەڵکی گوندی "بست" لە ڕێگای گوندی ناوبراو بۆ شاری دیواندەرە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە ڕفێندرا.
پێشتریش، لە شەوی هەینی ٢ی بەفرانباری ٢٧٢٢، مەیسەم مەلاوەیسە خەڵکی گوندی "زەکی بەیگ"" سەر بە دیواندەرە، لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوە.
هەتا ئێستا، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و بارودۆخی شوێنی ڕاگیانیان لەبەردەست دانییە.