سەپاندنی سزای ٦٤ ساڵ ٩ مانگ بەندکران بەسەر ٧ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی بەرخۆدانی جەماوەری پیرانشار
٧ هاووڵاتی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی عەلی بەخشوودی، ئیحسان گولابی، محەممەد ئیبراهیمی، هیوا مەحموودی، ئیسماعیل تەجەلا ئارام خالیدی نەسب و
هەنگاو: پێنجشەممە ٢٢ی بەفرانباری ٢٧٢٢
٧ هاووڵاتی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی عەلی بەخشوودی، ئیحسان گولابی، محەممەد ئیبراهیمی، هیوا مەحموودی، ئیسماعیل تەجەلا ئارام خالیدی نەسب و عەلیڕەزا محەممەدی ئەرشەد، کە لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم دواییەی پیرانشار دەستبەسەر کرابوون، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی ٢ی ئەم شارە، سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عەلی بەخشووری تەمەن ٣٩ ساڵ، ئیحسان گولابی تەمەن ٢٠ ساڵ و محەممەد ئیبراهیمی ئەرشەد تەمەن ٢٩ ساڵ بە تۆمەتەکانی "ئەندامبوون لە حیزبی دێموکرات" سزای پێنج ساڵ بەندکران، "کۆبوونەوە و تێکدانی ئاسایشی گشتی" سزای پێنج ساڵ بەندکران، "پڕوپاگەندە لە دژی نیزام" سزای ١ ساڵ بەندکران و "فیلم هەڵگرتن لە شوێنی دەوڵەتی" سزای ٣ ساڵ بەندکران، کۆی گشتی هەر یەکێکیان سزای ١٤ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە، کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان تەنیا ٥ ساڵی ئەم سزایانە جێبەجێ دەکرێت.
بەپێی بەڵگەنامەیەک کە بەدەستی هەنگاو گەیشتووە، هەر کام لە ئیسماعیل تەجەلا تەمەن ٢٢ ساڵ، ئارام خالیدی نەسب تەمەن ٢٣ ساڵ و عەلیڕەزا محەممەدی ئەرشەد تەمەن ٢٢ ساڵ، بە تۆمەتەکانی "ئەندامبوون لە حیزبی دێموکرات" سزای ٣٢ مانگ بەندکران، "کۆبوونەوە و تێکدانی ئاسایشی وڵات" و "پڕوپاگەندە لە دژی نیزام" سزای ٨ مانگ بەندکران، کە کۆی گشتی هەر یەکێکیان سزای ٦ ساڵ و ١١ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە، کە تەنیا ٣ ساڵ و ٧ مانگ بەندکران لەم سزایە کارپێکراوە.
هەروەها هیوا مەحموودی تەمەن ٣٢ ساڵ بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تێکدانی ئاسایشی گشتی" سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
ئەم ٧ هاووڵاتییەی خەڵکی گوندی "پەسوێ" سەر بە پیرانشار، لە ڕەوتی بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم شارە لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.