ئاشکرابوونی ناسنامەی یەکێکی دیکە لەو بەندکراوانەی لەبەندیخانەی ئەراک لە سێدارە درا

عەلی گەڕاوەند، هاووڵاتیی خەڵکی شاری کۆیەشت (کووهدەشت) سەر بە پارێزگای لوڕستان، حەفتەی ڕابردوو بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانە.

٢٤ بەفرانبار ٢٧٢٢، ٢٣:١٨


هەنگاو: شەممە، ٢٤ی بەفرانباری ٢٧٢٢

عەلی گەڕاوەند، هاووڵاتیی خەڵکی شاری کۆیەشت (کووهدەشت) سەر بە پارێزگای لوڕستان، حەفتەی ڕابردوو بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەراک لە سێدارە درا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (١١ی جەنیوەری ٢٠٢٣)، سزای لەسێدارەدانی پێنج هاووڵاتیی کە بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەراک جێبەجێ کرا.


عەلی گەڕاوەند، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی شاری کۆیەشت، یەکێک لەو پێنج هاووڵاتییەیە کە هەنگاو لە ڕاپۆرتەکانی پێشتردا هەواڵی لەسێدارەدانیانی بڵاو کردووەتەوە. ناوبراو ٣ ساڵ پێش دەستبەسەر کراوە و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە. ئەو هاووڵاتییە لە کاتی جێبەجێبوونی سزای لەسێدارەدانەکەی، لە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری و بێبەش کراوە.


پێشتریش هەنگاو ناسنامەی دوو کەسی دیکە کە لەو بەندیخانەیە لە سێدارە دراون، بە ناوەکانی ئازاد دادوەند، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی شاری سەردەشت و هەروەها کەیوان ئەمینی تەوەکول، تەمن ٤٣ ساڵ بڵاو کردووەتەوە و ناسنامە و زانیاریی دوو بەندکراوی دیکە هێشتا بەدەستی هەنگاو نەگەیشتووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە