جێبەجێکردن سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی کەرەج

بەندکراوێکی کورد بە ناوی شەرەف‌خان ئەکبەری و خەڵکی شاری هەرسین کە پێشتر بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخان

٣ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ٢٢:٤٥


هەنگاو: دووشەممە، ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

بەندکراوێکی کورد بە ناوی شەرەف‌خان ئەکبەری و خەڵکی شاری هەرسین کە پێشتر بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج سزاکەی جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (١٨ی جەنیوەری ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی شەرەف‌خان ئەکبەری و خەڵکی شاری هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری کەرەج جێبەجێ کرا.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە سێ ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کراوە و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە.


تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە کوردە لە ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت میدیاکانی سەر بە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕانەگەیەندراوە.


بەگوێرەی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا لانی کەم ٧ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەی کەرەج لە سێدارە دراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە