جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دوو بەندکراو لە بەندیخانەی کەرەج

دوو بەندکراو بە ناوەکانی سابینا ئیسماعیلزادە، بەندکراوی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد و ئەبولفەزل بەرقانی‌نژاد، خەڵکی شاری کەرەج کە پێشتر بە تۆمەتی بازرگانی کردن ب

٢ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ٢١:٢٩


هەنگاو: یەکشەممە، ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢


دوو بەندکراو بە ناوەکانی سابینا ئیسماعیلزادە، بەندکراوی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد و ئەبولفەزل بەرقانی‌نژاد، خەڵکی شاری کەرەج کە پێشتر بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، سزاکەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٢٢ی جەنیوەری ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی سابینا ئیسماعیلزادە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سابینا ئیسماعیلزادە، تەمەن ٣٠ ساڵ و خوێندکاری بەشی ئەندازیاری، ۶ ساڵ پێش بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە، پاشان لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند.

هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە کوردە، بەندکراوێکی خەڵکی شاری کەرەج بە ناوی ئەبولفەزل بەرقانی‌نژاد کە لەسەر بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە سزای جێبەجێ کرا.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو دوو بەندکراوە لە میدیاکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت لە ڕاگەیاندنەکانی سەر بە دەزگای دادوەریی حکوومەت ڕانەگەیەندراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە