جێبەجێکردنی سزای سێدارەی هەشتەمین بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی کەرەج لە ماوەی سێ حەوتوودا

سزای سێدارەی سامان نەبی گەڕووسی، خەڵکی کەنگەڤەر (کەنگاوەر) کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو،

٤ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ٢٢:٥٢


هەنگاو: سێشەممە ٤ی ڕێبەندان ٢٧٢٢

سزای سێدارەی سامان نەبی گەڕووسی، خەڵکی کەنگەڤەر (کەنگاوەر) کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێکرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٢٣ی جەنیوەری ٢٠٢٣) سزای سێدارەی سامان نەبی گەڕووسی، تەمەن ٣٠ ساڵ و دانیشتووی گەڕەکی "چوار باغ" لە شاری کەرەج لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج جێبەجێکرا.


بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییەی خەڵکی کەنگاڤەر سەر بە پارێزگای کرماشان، دوو ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر دەستبەسەرکرا و پاش ماوەیەک لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم بەندکراوە لە هیچ میدیایەکی حکوومەتی و ڕاگەیاندنەکانی سەر بە ناوەندی دادوەریی ڕانەگەیاندراوە.


بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی سێ حەوتووی ڕابردوودا لانی کەم سزای سێدارەی ٨ هاووڵاتی لە بەندیخانەکانی کەرەج جێبەجێکراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە