قوربانی بوونی ٣٦ هاووڵاتی لە کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین لە ساڵی ٢٠٢٢ دا

٢٩ بەفرانبار ٢٧٢٢، ١٣:٣٨


هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٩ی بەفرانباری ٢٧٢٢

تەقینەوەی مینی چێندراوی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق و هەروەها ئەو مینانەی کە ئەم دواییانە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە چێندراوە لە کوردستان بە بەردەوامی خەڵکی مەدەنی دەکاتە قوربانی و لە ساڵی ٢٠٢٢ دا زیاتر لە ٣٠٪ی قربانییەکان منداڵ بوون.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٢ زایینیدا، لانی کەم ٣٦ هاووڵاتی لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی. ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتر کە ٤٣ حاڵەت بووە، ٧ حاڵەت واتە ١٦٪ کەمی کردووە.

لە کۆی ئەو ٣٦ کەسە ٦ کەسیان گیانی لەدەست داوە و ٣٠ دیکە بریندار بوون یان بەشێک لە جەستەیان لەدەست داوە. ساڵی پێشووتر ١٥ کەس کوژرابوون و ٢٨ کەسیش بریندار و کەم ئەندام بوون.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، ٣٠.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان واتە ١١ حاڵەتی قوربانیانی مین لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا منداڵ و تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە.
ساڵی ڕابردوو منداڵێکی ١٢ ساڵە بە ناوی کیان ڕەحمەتی لە سنووری دێهلۆڕان بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراوە و ١٠ منداڵی دیکەش لە سنوورەکانی ئورمیە، دێهلۆڕان، مێهران، بانە و قەسری شیرین بریندار بوون. هەروەها لانی کەم پێنج ژن لە شارەکانی ئورمیە، دێهلۆڕان (٣ حاڵەت (و سەقز بوونەتە قوربانی.


جیاکردنەوە بە پێی پارێزگاکان

لە ساڵی ڕابردوودا زیاترین قوربانییەکانی مین لە سنووری پارێزگاکانی ئیلام و سنە بە ١٤ و ١١ حاڵەت تۆمار کراوە.

پارێزگای سنە: ١١ حاڵەت کە بریتییە لە ٢ کوژراو و ٩ بریندار

پارێزگای ئیلام: ١٤ حاڵەت کە بریتییە لە ٢ کوژراو و ١٢ بریندار

پارێزگای ئورمیە: ٥ حاڵەت کە بریتییە لە ١ کوژراو و ٤ بریندار

پارێزگای کرماشان: ٦ حاڵەت کە بریتییە لە ١ کوژراو و ٥ بریندار


جیاکردنەوە بە پێی توێژی کۆمەڵایەتی

زیاترین قوربانیانی مین لە کوردستاندا لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ لە توێژی کرێکار بوون کە لەو ماوەیەدا ٢١ کۆڵبەر، شۆفێر، شوان و کرێکار بە هۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی.

کرێکار: ٢١ حاڵەت (٢ کوژراو و ١٩ بریندار)

سەربازی: ٤ حاڵەت: (٢ کوژراو و ٢ بریندار)

مەدەنی: ١١ حاڵەت (٢کوژراو و ٩ بریندار)



هەرچەند لە یاسا نێودەوڵەتییەکان کەڵک وەرگرتن لە مینی چێندراو بە تەواوەتی قەدەغە نەکراوە، بەڵام هەندێک بەربەستیان بۆ ئەوەی ئاسەوارەکانی بە کەمترین ئاستی خۆی بگات بۆ داناوە. بۆ وێنە لایەنەکانی شەڕ دەبێت نەخشەکانی ئەو کێڵگانەی کە مینیان تێدا چێندراوە ڕابگرن و دوای تەواوبوونی شەڕ ئەو کێڵگانە بە مەبەستی پشتگیری لە هاووڵاتییانی مەدەنی خاوێن بکەنەوە و مینەکان پووچەڵ بکەنەوە.

کۆنوانسیۆنی ئۆتاوا حکوومەتەکانی پێبەند کردووە کە خۆ لە بەرهەم هێنان، کۆکردنەوە و گواستنەوەی مینە دژە کەسییەکان ببوێرن، هەرچەند ساڵانە کەسانێکی زۆر لە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆی تەقینەوەی مینەوە دەبنە قوربانی، بەڵام ئەو وڵاتە هەتا ئێستا کۆنوانسیۆنی ئۆتاوای واژۆ نەکردووە.

بەپێی توێژینەوەیەک کە لەلایەن ڕێکخراوی خاچی سوور بە مەبەستی ئامادە کردنی یاسای چاودێر و مرۆڤدۆستانە ئەنجامی داوە، چەندین ڕێسا بە ژمارە ٨١، ٨٢ و ٨٣ سەبارەت بە مینە دژە کەسییەکان پێناسە کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

_ لە کاتی کەڵک وەرگرتن دەبێت سەرنجی پێویست بدرێت هەتا خەسارتی گیانی مرۆڤەکان کەمتر بێت.

_ ئەو لایەنانەی کە لە مین کەڵک وەر دەگرن دەبێت شوێنی چاندنی مینەکان تۆمار بکەن.

_ دوای شەڕ، لایەنەکانی شەڕ ئاسانکاری پێویست بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەنجام بدەن.

سەرباری ئەمانە، وڵاتانی ئێران و عێراق بەو یاسا نێو دەوڵەتییانە پێبەند نەبوون خۆ دەبوێرن لە جێبەجێ کردنیان.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە