ئاماری ڕفێندراوان لە شاری ئاودانان بۆ ١٢ کەس بەرز بووەوە
ناسنامەی ٦ کەسی دیکە لە ڕەوتی ڕەشبگیری شاری ئیلام بۆ هەنگاو ئاشکرابووە کە بریتین لە عەلی سەفەر میروەیسی، سارم خەیری، عەبدوڵڵا جامی، محەممەد غوڵامی، عەل
هەنگاو: هەینی ١٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢
ناسنامەی ٦ کەسی دیکە لە ڕەوتی ڕەشبگیری شاری ئیلام بۆ هەنگاو ئاشکرابووە کە بریتین لە عەلی سەفەر میروەیسی، سارم خەیری، عەبدوڵڵا جامی، محەممەد غوڵامی، عەلی بەرفی و ساسان محەممەدوەلی. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو پێشتر ناسنامەی ٦ کەسی دیکە کە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندرابوون ئاشکرا کردبوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٣ی فێبریوەری ٢٠٢٣) عەلی بەرفی تەمەن ١٨ ساڵ، ساسان محەممەدوەلی تەمەن ٢٥ ساڵ و سارم خەیری تەمەن ٣٤ ساڵ، هەر سێ خەڵکی ئاودانان لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندران.
پێشتر لە بەرەبەیانی پێنجشەممە ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢، ٨ هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان بە ناوەکانی عەلی سەفەر میروەیسی، عەبدوڵڵا جامی، محەممەد غوڵامی، محەممەد چراغی، ئەمیر حوسێن نامدارپوور، زەبیحوڵڵا جەمادی، سامان مورادی وندان هەروەها دوو هاووڵاتی خەڵکی گوندی "چەم کەبود" سەر بە شاری ئاودانان بە ناوەکانی مەجید میرزایی و موجتەبا سەعیدی، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندران.
بەم پێیە بەهەژماکردنی ناسنامەی ئەم ٦ کەسە کە بەم دواییە ئاشکرابووە، ژمارەی هاووڵاتییانی ڕفێندراوی خەڵکی ئاودانان لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە ١٢ کەس گەیشت.
بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییانە بۆ زانینی چارەنووسییان هەتا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە و شوێنی ڕاگیرانی ئەم هاووڵاتییانە نادیارە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەند و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕەوتی ڕاپەڕین و بەرخۆدانی جەماوەریی ئەم دواییە لە شاری ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام، لانی کەم ١٠٤ هاووڵاتی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندراون و کە هەنگاو ناسنامەیان ئاشکرا کردووە.