ناڕوونی چارەنووسی سێ هاووڵاتی ڕفێندراوی خەڵکی شاباد لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە

چارەنووسی سێ هاووڵاتی خەڵکی شاباد بەناوەکانی ئەمیر ڕەزایی، مازیار سەلیمی و نەسیر سەلیمی، دوای تێپەڕینی چەند ڕۆژ بەسەر ڕفادنیاندا هەتا ئێستا ناڕوونە.

١ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٠:٢٥


هەنگاو: دووشەممە، ۱ی ڕەشەممەی ۲۷۲۲

چارەنووسی سێ هاووڵاتی خەڵکی شاباد بەناوەکانی ئەمیر ڕەزایی، مازیار سەلیمی و نەسیر سەلیمی، دوای تێپەڕینی چەند ڕۆژ بەسەر ڕفادنیاندا هەتا ئێستا ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتووە بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی چوارشەممە، ۲۶ی ڕێبەندانی ۲۷۲۲ (۱۵ی فێبریوەری ۲۰۲۳) هێزەکانی حکوومەت بە چەندانە ئۆتۆمبێل و ئەمبوڵانسەوە، هێرشییان کردووەتە سەر ماڵی ئەمیر ڕەمەزانی و لە کاتێکدا تەنانەت ئیزنی پۆشینی جلوبەرگی گەرمیان بە ناوبراو نەداوە، ڕفاندوویانە.

۲۴ کاتژمێر پێشتر، واتە ڕۆژی سێشەممە ۲۵ی ڕێبەندان، نەسیر سەلیمی لە شوێنی کارەکەی خۆی ڕفێندرا. هێزەکانی حکوومەت وەک کڕیار خۆیان نیشان داوە و بە بیانووی گۆڕینی ڕۆنی ئۆتۆمبێل ناوبراویان بانگی دووکانەکەی کردووە. پاش لێدان و کوتانێکی زۆر، ئەم هێزانە نەسیر سەلیمییان ڕفاندووە.

هەر لەم ڕاستایەدا، ڕۆژی چوارشەممە ۲۴ی ڕێبەندان، مازیار سەلیمی لە سێ ڕێیانی نەهاوەند لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، بەدواداچوونەکانی بنەماڵە و نزیکانی ئەم سێ هاووڵاتییە کە خەڵکی گوندی چەنگوور بوون بۆ زانینی چارەنووسییان بێ ئاکام ماوەتەوە و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراوان نادیارە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە کاتی دەستپێکی شۆڕشی ژیناوە هەتا ئێستا زیاتر لە ۷۵۰۰ هاووڵاتی لەلایەن ناوەندەکانی سەر بە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕفێندراون. لەو ئامارە هەنگاو توانیویەتی ناسنامەی ۲۱۵۰ کەسیان ئاشکرا بکات.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە