برینداربوونی کۆڵبەرێک بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری نەوسوود

لە ئاکامی دەستڕێژی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاروانێکی کۆڵبەران، کۆڵبەرێک بە ناوی نیعمەت عەزیزی خەڵکی نەوسوود بە سەختی بریندار بووە.

٢٧ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ٢١:١٩


هەنگاو: پێنجشەممە، ٢٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

لە ئاکامی دەستڕێژی هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاروانێکی کۆڵبەران، کۆڵبەرێک بە ناوی نیعمەت عەزیزی خەڵکی نەوسوود بە سەختی بریندار بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ شەوی چوارشەممە، ٢۶ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (١۵ی فێبریوەریی ٢٠٢٣)، کۆڵبەرێک بە ناوی نیعمەت عەزیزی، تەمەن ٤۵ ساڵ و خەڵکی شارۆچکەی نەوسوود سەر بە شاری پاوە، لە ئاکامی دەستڕێژ و تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە سەختی بریندار بووە.


بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەو هاووڵاتییە لە شاخی "کەلەبەرە"ی نەوسوود و لە کاتی کۆڵبەریدا بەهۆی دەستڕێژی هێزەکانی حکوومەت و بەرکەوتنی گوللە، پێی پێکراوە و بە سەختی بریندار بووە.


پاش چارەسەریی سەرەتاییی پزیشکی و تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر تەندروستیی ئەو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.


بەگوێرەی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا لانی کەم ١۶٢ کۆڵبەر لە سنوورەکانی پارێزگای کرماشان بوونەتە قوربانی. ئەم ئامارە بەپێی بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشتر (٢٠٢١) ۵٨ حاڵەت واتە ٢١١.٥٪ لەسەد زیاتر بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە