جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکەی کورد لە بەندیخانەی کەرەج

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی ڕەزا شوکری پوور خەڵکی شاری هەلیلان لە پارێزگای ئیلام کە پێشتر بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە

١٢ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٣:١٢


هەنگاو: چوارشەممە، ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢


سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی ڕەزا شوکری پوور خەڵکی شاری هەلیلان لە پارێزگای ئیلام کە پێشتر بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری کەرەج جێبەجێ کرا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (٢٩ی جەنیوەری ٢٠٢٣) سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی ڕەزا شوکری پوور، تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی شارەدێی زەردەڵان سەر بە شاری هەلیلان لە پارێزگای ئیلام، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری کەرەج جێبەجێ کرا.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کە خێزاندار و باوکی دوو منداڵە، چوار ساڵ پێش ئێستا لە شاری کەرەج دەستبەسەر کراوە و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی تاوانە پەیوەندیدارەکانی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.


بەگوێرەی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا (مانگی جەنیوەری ٢٠٢٣) لانی کەم سزای لەسێدارەدانی ١٩ هاووڵاتیی کورد جێبەجێ کراوە کە ٩ کەسیان لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری کەرەج بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە