جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی ئورمیە

سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی سەڵماس بە ناوی نجوومی مورادی کە پێشتر بە تاوانی ئەنجامدانی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخا

٢٨ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١١:١٧


هەنگاو: هەینی ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی سەڵماس بە ناوی نجوومی مورادی کە پێشتر بە تاوانی ئەنجامدانی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێکرا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (١٦ی فێبریوەری ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی سەڵماس بە ناوی نجوومی مورادی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێکرا.


بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوو ساڵ پێش، نجوومی مورادی تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵکی گوندی "هەرکیان" سەر بە شاری سەڵماس، بەتاوانی ئەنجامدانی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەرکرا و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.


هەواڵی لە سێدارەدانی ئەم بەندکراوە هەتا ئێستا لە هیچ میدیاییەکی حکوومەتی و بەتایبەتی لە میدیاکانی سەر بە دەزگای دادوەریی بڵاو نەکراوەتەوە.


بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە مانگی جەنیوەری ٢٠٢٣دا لانی کەم سزای سێدارەی ٢٠ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێکراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە