جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دوو بەندکراو لە بەندیخانەی ئورمیە

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی خەڵکی شاری ئورمیە بە ناوەکانی میلاد جاجوویی‌خانیک و محەممەدعەلی ئەختەری‌کەهلان کە پێشتر بە تۆمەتی "موحارەبە و دزیی چەکدارانە"

٢٥ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٠:٣٣


هەنگاو: سێشەممە، ٢۵ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی خەڵکی شاری ئورمیە بە ناوەکانی میلاد جاجوویی‌خانیک و محەممەدعەلی ئەختەری‌کەهلان کە پێشتر بە تۆمەتی "موحارەبە و دزیی چەکدارانە" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانە ناوەندیی حکوومەت لەو شارە جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢۵ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (١٤ی فێبریوەری ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی میلاد جاجوویی‌خانیک و محەممەدعەلی ئەختەری‌کەهلان لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری ئورمیە جێبەجێ کرا.


شایانی باسە کە ئەو دوو بەندکراوە ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی ڕێبەندان، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانە گواستراونەتەوە.


ئەو دوو هاووڵاتییە ٢٧ی خەرمانانی ٢٧١٧، لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی میلاد غەفارزادە قەرەقشڵاق، هێرشی چەکدارانەیان کردووەتە سەر دووکانێکی زێڕ فرۆشی لە شەقامی "فەرهەنگیان"ی شاری ئورمیە و سەرەڕای دزینی ١٠ کیلۆ زێڕی ئەو دووکانە، خاوەن دووکانەکەیان بە ناوی جەعفەر دەستی کوشتووە. لە مانگی ڕەزبەری هەر ئەو ساڵەدا ئەو سێ کەسە بە تۆمەتی "دزیی چەکدارانە کە کوژرانی لێ کەوتووەتەوە"، لە شاری ئورمیە دەستبەسەر کراون.


ئەو سێ کەسە لە مانگی خاکەلێوەی ٢٧١٨دا لەلایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو" بە تۆمەتی "موحارەبە و دزیی چەکدارانە" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاندووە، دواتر سزای سێدارەی میلاد غەفارزادەقەرەقشڵاق لەلایەن دیوانی باڵاتی وڵاتی ئێرانەوە هەڵوەشاوەتەوە و سزای بەندکردنی بەسەردا سەپاوە و هەروەها سزای سێدارەی ئەو دوو کەسەکەی دیکە پەسەند کراوە.


تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو دوو بەندکراوە لە ڕاگەیاندنەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت میدیاکانی سەر بە دەزگای دادوەریی ئەو حکوومەتە، ڕانەگەیەندراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە