جێبەجێکردنی سزای سێدارەی سێ بەندکراو بەبێ ئاگاداریی بنەماڵەکانیان لە بەندیخانەی کرماشان

سزای سێدارەی سێ بەندکراو کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، بەبێ ئاگاداریی بنەماڵەکانیان و بە شێوەی نهێنی ل

٩ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٤:٢١


هەنگاو: سێشەممە، ٩ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

سزای سێدارەی سێ بەندکراو کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، بەبێ ئاگاداریی بنەماڵەکانیان و بە شێوەی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری کرماشان جێبەجێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٩ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ (٢٨ی فێبریوەری ٢٠٢٣)، لانی کەم سزای سێدارەی سێ بەندکراو کە تاکوو ئێستا ناسنامەی کەسێکیان بە ناوی کەیومەرس سادق پوور بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە و هێشتا ناسنامەی دوو کەسی دیکەیان ئاشکرا نەبووە، لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری کرماشان جێبەجێ کراوە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، سزای سێدارەی ئەو سێ هاووڵاتییە کە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان بەسەریاندا سەپاوە، بە شێوەی نهێنی و بەبێ ئاگاداریی پارێزەرە و بنەماڵەکانیان جێبەجێ کراوە و تەنانەت لە مافی دوایین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەکانیشیان بێبەری کراون.


کەیومەرس سادق پوور، تەمەن ٤٧ ساڵ و خەڵکی شاری کرێند، ناوەندی شارستانی داڵاهۆ بووە و ١١ ساڵ پێش دەستبەسەر کراوە و لەو کاتەوە تا هەنووکە لە بەندیخانەدایە.


ناسنامەی دوو بەندکراوەکەی دیکە کە خەڵکی کرماشانن، تاکوو ئێستا بۆ هەنگاو ئاشکرا نەبووە و لێکۆڵینەوەکانی هەنگاو بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو دوو بەندکراوەی دیکە بەردەوامە.


تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم سێ بەندکراوە لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەتایبەت ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیدا بڵاو نەکراوەتەوە.

 

کەیومەرس سادق پوور


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە