دەستبەسەرکرانی هۆشیار شەعبانی بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی

هۆشیار شەعبانی تەمەن ٢٨ ساڵ و چالاکی مەدەنی خەڵکی بانە، بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانە گواستراوە.

١٩ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١١:٤٢


هەنگاو: چوارشەممە ١٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

هۆشیار شەعبانی تەمەن ٢٨ ساڵ و چالاکی مەدەنی خەڵکی بانە، بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانە گواستراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢) ٧ی فێبریوەری ٢٠٢٣ (، هۆشیار شەعبانی بەندکراوی پێشووی سیاسیی و چالاکی مەدەنی خەڵکی بانە، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرا و بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٨ مانگ بەندکرانی سەپێندراو بەسەریدا بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەم شارە گواستراوە.

لە ڕاپۆرتی پێشووی هەنگاودا هاتبوو کە هۆشیار شەعبانی لە بەهاری ئەمساڵ لەلایەن لقی دادگای شۆڕشی سەقز لە بانە بە سەرۆکایەتی ئەکبەر میرزایی سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا کە دواتر بۆ ٨ مانگ بە هەژمار کردنی ماوەی دوو مانگ دەستبەسەر کردنیشی کەم کرایەوە.

دەستبەسەرکرانی ئەم چالاکە مەدەنییە لە کاتێکدایە کە پێشتر سزای ٦ مانگ بەندکرانی ناوبراو بۆ ماوەی ٥ ساڵ هەڵسەپێندرابوو.

ئەم سزایە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بە قازانجی حیزبەکانی دژی حکومەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرچووە و ناوبراو لە تۆمەتی «ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک) " بێبەری بووە.

هۆشیار شەعبانی چالاکی مەدەنی خەڵکی بانە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خەرمانانی ٢٧٢١) ٢٩ی ئاگۆستی ٢٠٢١ (لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە دەستبەسەر و ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر پاش ٧٥ ڕۆژ بەندکران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی بانە بە دانانی بارمتەی ٢٧٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی ئازاد کرا.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هۆشیار شەعبانی لەو ماوەی کە دەستبەسەر بووە بە هۆی ئەشکەنجەوە سێ جار تووشی خوێنبەربوونی گەدە و خوێنبەربوونی هەناو بووە کە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی بانە و چارەسەری بۆ کراوە. دوو جار ناوبراو بە ناوی خوازراو و لە کەشێکی ئەمنیدا گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

جێگای ئاماژەیە کە هۆشیار شەعبانی لە ماوەی ئەو ڕۆژانەیدا کە دەستبەسەر بووە لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە