هۆشیار شەعبانی سزای ساڵێک بەندکرانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی شاری بانە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا.

٢٥ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ١١:٠٣

 

هەنگاو: چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی شاری بانە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هۆشیار شەعبانی تەمەن ٢٧ ساڵ و لە چالاکانی مەدەنی خەڵکی بانە، لەلایە دادگای شۆڕشی سەقز لقی جێگیر لە شاری بانە بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەکبەر میرزایی سزای ساڵێک بەندکرانی بە سەردا سەپا کە ئەم سزایە دواتر بۆ ٨ مانگ کەم کراوەتەوە.

ئەم سزایە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بە قازانجی حیزبەکانی دژی حکومەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرچووە و ناوبراو لە تۆمەتی «ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک)" بێبەری بووە.

بەگوێرەی ئەم سزایە ماوەی دوو مانگ دەستبەسەرکرانی پێشووی هەژمار کراوە و ٦ مانگی دیکەی سزاکەی بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵپەسێردراوە و لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا دەبێت مانگانە یان هەر سێ مانگ جارێک خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە بناسێنێت.

هۆشیار شەعبانی چالاکی مەدەنی خەڵکی بانە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خەرمانانی ٢٧٢١) ٢٩ی ئاگۆستی ٢٠٢١ (لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە دەستبەسەر و ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر پاش ٧٥ ڕۆژ بەندکران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی بانە بە دانانی بارمتەی ٢٧٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی ئازاد کرا.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هۆشیار شەعبانی لەو ماوەی کە دەستبەسەر بووە بە هۆی ئەشکەنجەوە سێ جار تووشی خوێنبەربوونی گەدە و خوێنبەربوونی هەناو بووە کە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی بانە و چارەسەری بۆ کراوە. دوو جار ناوبراو بە ناوی خوازراو و لە کەشێکی ئەمنیدا گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

جێگای ئاماژەیە کە هۆشیار شەعبانی لە ماوەی ئەو ڕۆژانەیدا کە دەستبەسەر بووە لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە