هیوا بەلاج، خوێندکاری خەڵکی بۆکان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ بەندیخانە گواستراوەتەوە

هیوا بەلاج، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان و خوێندکاری زانکۆ "ئازاد"ی شاری ئورمیە کە پێشتر لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندرابوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزا .

١٢ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٤:٢٧


هەنگاو: چوارشەممە، ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

هیوا بەلاج، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان و خوێندکاری زانکۆ "ئازاد"ی شاری ئورمیە کە پێشتر لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندرابوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ١ ساڵ و ۶ مانگ بەندکردن بۆ بەندیخانە گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (١ی فێبریوەری ٢٠٢٣)، هاووڵاتییەک بە ناوی هیوا بەلاج، تەمەن ٢١ ساڵ و خوێندکاری بواری بەیتاڵ (دامپزشک) لە زانکۆی "ئازاد"ی شاری ئورمیە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ١٨ مانگ بەندکردنی کە لەلایەن دادگای تاوانەکانی حکوومەت لە شاری بۆکان بەسەریدا سەپاوە، دوای بانگکرانی بۆ ناوەندی جێبەجێکردنی سزاکان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە بۆکان گواستراوەتەوە.


ئەو خوێندکارە لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی لە شاری بۆکان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی" و "هەوڵدان بۆ دروستکردن تێکدانی نێوان حکوومەت و خەڵک، هەروەها تێکدانی ئاسایشی گشتی"، سزای یەک ساڵ و ۶ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.


هیوا بەلاج، ڕۆژی سێشەممە، ۵ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢٧ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢)، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەت لە شاری بۆکان و لە شەقامێکی ئەو شارە ڕفێندراوە.


ئەو هاووڵاتییە پاش ماوەیەکی دەستبەسەربوون و لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە لەلایەن ئەو ناوەندە حکوومەتییەوە، لە کۆتاییدا ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕەزبەر، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکەی، ئازاد کراوە.


شایانی باسە کە هیوا بەلاج لە ماوەی دەستبەسەربوون و دادگاییکردنیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک هەبوونی پارێزەر بێبەری و بێبەش کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە