هەوڵی خۆکوشتنی منداڵێکی خەڵکی ئیلام، دوای ڕفاندن و ئەشکەنجەی بەردەوامی لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە

منداڵێکی خەڵکی ئیلام بەناوی محەممەد کومەیل زەندخانی، دوای دوو جار ڕفاندنی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و ئەشکەنجە کرانی دەروونی و جەستەیی، هە

١٧ ڕێبەندان ٢٧٢٢، ١٠:١١


هەنگاو: دووشەممە ١٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢

منداڵێکی خەڵکی ئیلام بەناوی محەممەد کومەیل زەندخانی، دوای دوو جار ڕفاندنی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و ئەشکەنجە کرانی دەروونی و جەستەیی، هەوڵی خۆکوشتنی داوە و بە هۆییەوە چووەتە کۆما.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەممەد کومەیل زەندخانی، تەمەن ١٦ ساڵ، لە ئەنجامی دوو جار ڕفاندنی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە و گواستنەوەی بۆ دەستبەسەرگە، ٤٣ ڕۆژی لە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدا تێپەڕاندووە.


بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، حەوتووی ڕابردوو و پێش ئەوەی ئەم منداڵە کوردە هەوڵی خۆکوشتن بدات، ئاسەواری ئەشکەنجە لەسەر جەستەی ئەم منداڵە بیندراوە و باری دەروونیشی ئاڵۆز بووە.


ئەم سەرچاوە لە درێژەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاند، کە ئەم منداڵە لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا، هەموو شەوێک لەلایەن یەکێک لە هێزەکانی حکوومەتەوە بە جلوبەرگی ئایینییەوە هۆشداری پێدراوە کە بە زووترین کات لە سێدارە دەدرێت.


محەممەد کومەیل زەندخانی، یەکەم جار لە سەرەتاکانی مانگی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندرا و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.


بۆ جاری دووەم، ئەم منداڵە لە ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە ڕفێندراوە و دوای تێپەڕاندنی ١٩ ڕۆژ لە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجە، هێزەکانی ئیتلاعات جەستەی نیوە گیانی ناوبراویان لە بەردەرگای ماڵەکەیان بەجێ هێشتووە.


ناوبراو دوای ئازادی بۆ جاری دووەم، هەوڵی خۆکوژی داوە کە بە هۆییەوە ئاستی هۆشیاری خۆی لەدەست داوەو کەوتووە کۆما.


محەممەد کۆمەیل ڕۆژی شەممە ١٥ی ڕێبەندان هۆشیاری خۆی بەدەست هێناوەتەوە و ترسی ئەوە هەیە کە جارێکی دیکە هەوڵی خۆکوژی بداتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە