ئەگەری لەسێدارەدانی بەندکراوێک و لێخۆشبوون لە بەندکراوێکی دیکە لە بەندیخانەی سنە

بەندکراوێک بە ناوی سەعید ئەرجومەندی، کە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو و بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە، پاشان لەس

٥ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ٢٢:٣٤


هەنگاو: هەینی، ٥ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

بەندکراوێک بە ناوی سەعید ئەرجومەندی، کە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو و بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوەتەوە، پاشان لەسەر ڕەزایەت و لێبوردنی بنەماڵەی قوربانییەکە، سزاکەی هەڵوەشایەوە. هاوکاتیش بەندکراوێکی دیکە بە ناوی حەمید ڕەحیمی خەڵکی دێولان که بە تۆمەتی کوشتنی بەئقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی حکوومەت لە شاری سنە گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی هەینی، ٥ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ (٢٤ی فێبریوەری ٢٠٢٣)، بەندکراوێکی کورد بە ناوی حەمید ڕەحیمی و خەڵکی شاری دێولان، بە مەبەستی جێبەجێبکردنی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری سنە گواستراوەتەوە.

ناوبراو چوار ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

هاوکات لەگەڵ زیاتربوونی نیگەرانییەکان لەسەر لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە؛ ڕۆژی ڕابردوو، بەندکراوێکی دیکە بە ناوی سەعید ئەرجومەندی، خەڵکی لوڕستان لەسەر ڕەزایەت و لێبوردنی بنەماڵەی قوربانییەکە، لە سێدارە ڕزگاری بوو و سزاکەی هەڵوەشایەوە.

ئەو بەندکراوە، ڕۆژی سێشەممە، ٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢، لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری سنە بۆ ژووری تاکەکەسیی ئەو بەندیخانەیە گواسترابوویەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە