تاران؛ بڕیاری سەپاندنی سزای بەندکردن و لێدانی قامچی بۆ عادڵ نەدیمی، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران

عادڵ نەدیمی، خەڵکی شاری کامێران و خاوەن بڕوانامەی ئەندازیاریی ئاوەدانکاری (مهندسی عمران) ی زانکۆی شاری کورد، لە شاری تاران دەستەسەر کراوە و لەلایەن دەزگای

١٣ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١١:١٨


هەنگاو: شەممە، ١٣ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

عادڵ نەدیمی، خەڵکی شاری کامێران و خاوەن بڕوانامەی ئەندازیاریی ئاوەدانکاری (مهندسی عمران) ی زانکۆی شاری کورد، لە شاری تاران دەستەسەر کراوە و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای ٢ ساڵ بەندکردن و لێدانی ٢٠ قامچیی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ عادڵ نەدیمی، خەڵکی شاری کامێران، لەلایەن دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی "سەعید جەماڵی"، بە تۆمەتی "بێڕێزیکردن بە ویلایەتی فەقیهـ" و "قسەگەلێکی نەشیاو و ناتەبا لەگەڵ یاساکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی"، سزای ٢ ساڵ بەندکردن و لێدانی ٢٠ قامچیی بەسەردا سەپاوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سزایە ڕۆژی ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢، بەسەر ئەو هاووڵاتییەدا سەپاوە و بەفەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە و ٢٠ ڕۆژ مەجالی بۆ دیاری کراوە تاکوو پێداچوونەوە داوای پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بکات.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، عادڵ نەدیمی، لەسەر تۆمەتی سووتاندنی نوێژخانەی کۆمیتەی ئیمدادی شەقامی موژدەی تاران بە بێتاوان ناسێدراوە.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتدا بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کراوە و هەروەها لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و بێبەش کراوە.

ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٢ (٨ی جەنیوەری ٢٠٢٣)، لە سەرەتاکانی شەقام موژدەی شاری تاران و نزیک بە گۆڕەپانی قودس دەستبەسەر کراوە و دوای ماوەیەک لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە هاوکات لەگەڵ ئەشکەنجەی دڕندانەی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، بۆ بەندیخانەی فەشافوویە گواستراوەتەوە و هەنووکەش لەو بەندیخانەدایە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە