سەپاندنی سزای بەندکردن و پێ بژاردنی پارە بەسەر هانییە مەعرووفی، خوێندکاری خەڵکی سەقز
هانییە مەعرووفی، خوێندکاری قۆناغی دکتۆرای بواری جوگرافیای سیاسی و خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە
هەنگاو: یەکشەممە، ٢١ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢
هانییە مەعرووفی، خوێندکاری قۆناغی دکتۆرای بواری جوگرافیای سیاسی و خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای پێنج ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و پێ بژاردنی بڕی ٨ ملیۆن تمەن پارەیبەسەریدا سەپاوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هانییە مەعرووفی، تەمەن ٣۵ ساڵ و خوێندکاری خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "کەیوان جیهانی"، سزای ٨ مانگ بەندکردن و هەروەها لەلایەن لقی ١٠۵ی دادگای تاوانەکان لە سەقز بە سەرۆکایەتیی هەمان دادوەر سزای ٩ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.
بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، سزای دادگای شۆڕشی حکوومەت لە شاری سەقز بەسەر ئەو خوێندکارەدا گۆڕاوە بۆ پێ بژاردنی ٨ ملیۆن تمەنی ئێرانی و هەروەها سزای سەپێندراوی دادگای تاوانەکان بەسەر ناوبراودا لە ٩ مانگ بەندکردن بۆ ۵ ساڵ هەڵپساردن گۆڕاوە.
بەپێی ئەو بەڵگە و زانیارییانەی بەدەستی هەنگاو گەیشتووە، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ هانییە مەعرووفی بریتین لە؛ "پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی، هەوڵی تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی و بڵاوکردنەوەی درۆودەلەسە بە مەبەستی خراپکارانەوە".
شایانی باسە کە بەپێی ئەو سزایە، هانییە مەعرووفی سزای ٢ ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوەی لە وڵات، نووسین و پێشکەشکردنی وتار و بابەت لەسەر "شۆڕشی ئیسلامی و شەهیدانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران" لە حزووری داواکاری گشتی و سەرۆکی دادگا بەسەریدا سەپاوە.
ئەو هاووڵاتییە تەمەنی ٣۵ ساڵە و خوێندکاری قۆناغی دکتۆرای جوگرافیای سیاسیی زانکۆی ئازاد - لقی تارانی ناوەندییە.