بەرزبوونەوەی ژمارەی بەندکراوانی لەسێدارەدراوی کورد لە بەندیخانەی ئورمیە

سزای سێدارەی حوسێن سولتانی عەلی‌ئاوایی، خەڵکی شاری بۆکان کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیداری مادە هۆشبەرەکان بەسەریدا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومە

٢٦ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٦:٠١


هەنگاو: هەینی، ٢۶ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

سزای سێدارەی حوسێن سولتانی عەلی‌ئاوایی، خەڵکی شاری بۆکان کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیداری مادە هۆشبەرەکان بەسەریدا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە ئورمیە جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ٢۶ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ (١٧ی مارسی ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی حوسێن سولتانی عەلی‌ئاوایی، بەندکراوی تەمەن ۵١ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە ئورمیە جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە ١٠ ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی پەیوەندیداری مادە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەە سزای سێدارەی بەسەردا سەپا. ناوبراو دوو مانگ پێش لە بەندیخانەی حکوومەت لە بۆکان بۆ بەندیخانە حکوومەت لە ئورمیە گواستراوەتەوە.


هاوکات سزای سێدارەی ٤ بەندکراوی خەڵکی ئورمیە بە ناوەکانی فرووهەر عەباس نژاد، محەممەد ئەیوسبیان، جەهانبەخش ڕادلوویی و یاسین ڕەشیدی کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیداری مادە هۆشبەرەکان سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە ئورمیە (دەریا) جێبەجێ کراوە.


لە لایەکی دیکەوە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، ڕۆژی هەینی، ٢۶ی ڕەشەمە (١٧ی مارس)، سزای سێدارەی مەحیەدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵکی گوندی "ئاڵکاوێ"ی سەر بە شاری شنۆ لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت ئورمیە جێبەجێ کرا.


بەگوێرەی ئەم ئامارە، بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ٢۶ی ڕەشەمە (١٧ی مارس) ٦ بەندکراوی کورد بە تۆمەتە جیاوازەکان لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە ئورمیە لەسێدارە دراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە