جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد لە بەندی لە بەندیخانەی ئورمیە

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی جەلال سەرداریفەر و خەڵکی شاری نەغەدە، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان، لە بەندیخانەی ناوەندیی ح

١٨ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ٢١:٥٨


هەنگاو: پێنجشەممە، ١٨ی ڕەشەی ٢٧٢٢


سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی جەلال سەرداریفەر و خەڵکی شاری نەغەدە، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان، لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری ئورمیە جێبەجێ کرا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ (٩ی مارسی ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی هاووڵاتییەک بە ناوی جەلال سەرداریفەر و خەڵکی شاری نەغەدە، لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری ئورمیە جێبەجێ کرا.


ئەو بەندکراوە ڕۆژ سێشەممە، ١۶ی ڕەشەمە (٧ی مارس)، هاوکات لەگەڵ چوار بەندکراوی دیکە کە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو؛ بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەیان بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە ئورمیە گواستراونەتەوە.


ناسنامەی ئەو چوار بەندکراوەکەی دیکە تاکوو ئێستا بۆ هەنگاو ئاشکرا نەکراوە و چارەنووسیان هێشتا ناڕوونە.


جەلال سەرداریفەر، سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و پاشان لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.


تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو هاووڵاتییە لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت ڕاگەیاندنی فەرمیی دەزگای دادوەریی ئەو حکوومەتە بڵاو نەکراوەتەوە.


بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی دوو مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا لانی کەم سزای سێدارەی ٣٢ بەندکراوی کورد بە تۆمەتە جیاوازەکان و لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە