جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سێ بەندکراو لە بەندیخانەی خوڕەم‌ئاوا

سێ بەندکراوی خەڵکی شاری کویەشت لە پارێزگای خوڕەم‌ئاوا کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیداری بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاب

١٥ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٢:١٦


هەنگاو: دووشەممە، ١۵ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢

سێ بەندکراوی خەڵکی شاری کویەشت لە پارێزگای خوڕەم‌ئاوا کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیداری بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، سزاکەیان جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، ١۵ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ (۶ی مارسی ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی سێ بەندکراو کە تاکوو ئێستا ناسنامەی دوو کەسیان بە ناوەکانی ئایەت عەلیاری و سوهراب سووری بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە، لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری خوڕەم‌ئاوا جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سێ بەندکراوە خەڵکی شاری کویەشت لە پارێزگای لوڕستانن کە پێنج ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی پەیوەندیداری بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کراون و دواتر لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.


ئەو سێ هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە، ١٣ی ڕەشەمە بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان، بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری خوڕەم‌ئاوا گواستراونەتەوە.


تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو سێ بەندکراوە لە میدیاکانی حکوومەتی ئێران و بەتایبەت ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی دەزگای دادوەریی ئەو حکوومەتە بڵاو نەکراوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە