دەربڕینی نیگەرانی هەنگاو سەبارەت بە ئەگەری بە نهێنی لە سێدارەدانی مەحیەدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسی کورد

مەحیەدین ئیبراهیمی بەندکراوی سیاسیی مەحکووم بە سێدارە و خەڵکی شنۆ، لە بەندی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە

١٧ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٣:٠٤

 

هەنگاو: چوارشەممە ١٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢

مەحیەدین ئیبراهیمی بەندکراوی سیاسیی مەحکووم بە سێدارە و خەڵکی شنۆ، لە بەندی سیاسیی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەوە و بۆ بەندی تاکەکەسی گواستراوە. ئەگەر لە سێدارەدانی نهێنی ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ئارادایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سیشەممە ١٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢ (٧ی مارسی ٢٠٢٣)، مەحیەدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسیی لەگەڵ چەند بەندکراوێکی دیکەی مەحکووم بە سێدارە بۆ بەندی تاکەکەسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواستراوەتەوە. بەهۆی یەکلایی بوونەوەی سزای سێدارەی ناوبراو، مەترسیی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەم بەندکراوە سیاسییە لەئارادایە.

 

مەحیەدین ئیبراهیمی تەمەن ٤٢ ساڵ خەڵکی ئاوایی “ئەڵکاوێ” سەر بەشاری شنۆ، ڕۆژی شەممە ١٣ی خەزەڵوەری ٢٧١٧ (٤ی نۆڤەمبری ٢٠١٧) لە کاتێکدا سەرقاڵی کۆڵبەری بووە، لەلایەن هێزەکانی پایگای بێمزورتێ دراوەتە بەر دەسترێژ و بە سەختی بریندار و پاشان دەستبەسەر کرابوو.

 

ئەو هاووڵاتییە کوردە مانگی گەلاوێژی ٢٧١٨ (ئاگۆستی ٢٠١٨)  بۆ جاری یەکم لەلایەن لقی دووی دادگای شۆرشەوە بە تۆمەتی هاوکاوی و ئەندامەتی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

 

مەحیەدین ئیبراهیمی، ڕۆژی شەممە ٢٨ی بەفرانباری ٢٧١٩(١٨ی ژانویە ٢٠٢٠) حوکمی سێدارەکەی بۆ جاری دووهەم  بە تۆمەتی “بەغی و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” لەلایەن لقی دووی دادگای شۆرشی ئورمیەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو، پشتڕاست کراوەتەوە هەمان ڕۆژ بە  فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.

 

مەحیەدین ئیبراهیمی خێزاندارە  و باوکی منداڵێکی کەم ئەندامە و ١٠ ساڵ پێشیش هەر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات بۆ ماوەی ١٤ مانگ لە بەندیخانە ڕاگیرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە