سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد وێڕای ئەوەی کە بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی شکێندرابوو، جێبەجێ کرا

سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری هەرسین بە ناوی محەممەد دۆستی‌نژاد کە پێشتیر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە مادە هۆشەبەرەکانەوە بەسەریدا سەپێندر

١١ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٣:٤١

 

هەنگاو: پێنجشەممە، ١١ی رەشەمەی ٢٧٢٢

سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری هەرسین بە ناوی محەممەد دۆستی‌نژاد کە پێشتیر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە مادە هۆشەبەرەکانەوە بەسەریدا سەپێندرابوو و دواتر ئەو سزایە بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی شکێندرا، بەنهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری هەمەدان جێبەجێ کرا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە، ١٠ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ (١ی مارسی ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری هەرسین بە ناوی محەممەد دۆستی‌نژاد و تەمەن ٢٩ ساڵ، کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە بازرگانیکرن بە مادە هۆشبەرەکانەوە بەسەریدا سەپابوو و دواتر سزاکەی بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی شکێندرا، بە نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی حکوومەت لە شاری هەمەدان جێبەجێ کرا.

 

هەنگاو زانیویەتی کە هاوکات سزای سێدارەی کەسێکی دیکەش بە هەمان تۆمەت جێبەجێکراوە کە هەتا ئێستا ناسنامەی بۆ هەنگاو ئاشکرا نەبووە.

 

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، جێبەجێکردنی سزای سێداری ئەو هاووڵاتییە لە کاتێکدایە کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی شکێندراوە. ناوبراو لەو بەندکراوانە بوو کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لە ناڕەزایەتییەکانی ناو بەندیخانە کە هاوکات بوو لەگەڵ ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی کوردستان و ئێران، بەشدارییەکی چالاکانەی هەبووە.

 

ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢، بەرپرسانی بەندیخانە پێوەندییان بە خۆشکەکانی ئەم بەندکراوە گرتووە و پێیانیان ڕاگەیاندوون کە نامەی ئازادیی ناوبراو بهێنن. ئەو کارە لە ڕاستای هەوڵەکانی بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیە بە مەبەستی پێشگیری لە ناڕەزایەتی لەپێش بەندیخانە بووە.

 

جێگای ئاماژەیە کە، محەممەد دۆستی‌نژاد باوک و دایکی لەدەست داوە و برای گەورەتری دوو خوشک و هاوکات سەرپەرستی بنەماڵەکەی بووە.

 

هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە کوردە تاکوو ئێستا لە میدیاکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت لە ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی دەزگای دادوەریی ئەو حکوومەتەدا بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە