سزای سێدارەی مەحیەدین ئیبراهیمی بەندکراوی سیاسیی کورد بە نهێنی جێبەجێکرا

سزای سێدارەی مەحەیدین ئیبراهیمی بەندکراوی سیاسیی کورد، خەڵکی شنۆ، کە لە دوو ڕۆژی ڕابردووەوە بۆ بەندی تاکەکەسی گواسترابووەوە، دوای زیاتر لە پێنج ساڵ

٢٦ ڕەشەمە ٢٧٢٢، ١٠:١١


هەنگاو؛ هەینی ٢٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢

سزای سێدارەی مەحەیدین ئیبراهیمی بەندکراوی سیاسیی کورد، خەڵکی شنۆ، کە لە دوو ڕۆژی ڕابردووەوە بۆ بەندی تاکەکەسی گواسترابووەوە، دوای زیاتر لە پێنج ساڵ بەندکران لەبەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە (دەریا)، بە نهێنی جێبەجێکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی هەینی ٢٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢ (١٧ی مارسی ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی مەحیەدین ئیبراهیمی، تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵکی شنۆ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێکرا.


سزای سێدارەی ئەم بەندکراوە لە کاتێکدا جێبەجێکراوە کە کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ فەرماندار و سەرۆکی شارەوانی شنۆ پەیوەندییان بە بنەماڵەی ناوبراوەوە گرتووە و پێیان ڕاگەیاندبوون کە سزای سێدارەی مەحیەدین ئیبراهیمی ڕاگیراوە و بنەماڵەکەی لە ئورمیەوە بۆ شنۆ گەڕابوونەوە. بەڵام سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پەیوەندیی بە بنەماڵەی ناوبراوەوە گیراوە کە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان سەردانی بەندیخانەی ئورمیە بکەن.


شیاوی ئاماژەپێدانە کە شەوی ڕابردوو فەخرەدین ئیبراهیمی کوڕی ئەم بەندکراوە سیاسییە لەپێش بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەرکرابوو.


ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی چوارشەممە بە بیانووی بانگهێشتکرانی بۆ دادگا بردرابووە دەفتەری پاسەوانی و لەوێوە بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی بۆ بەندی تاکەکەسی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترابووەوە. ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە دوایین دیداری لەگەڵ بنەماڵەکەی ئەنجامدابوو.


مەحیەدین ئیبراهیمی تەمەن ٤٣ ساڵ و خەڵکی گوندی ئاوایی «ئاڵکاوێ» سەر بەشاری شنۆ، ڕۆژی شەممە ١٣ی خەزەڵوەری ٢٧١٧ (٤ی نۆڤەمبەری ٢٠١٧) لە کاتێکدا سەرقاڵی کۆڵبەری بووە، لەلایەن هێزەکانی جێگیر لە پایگای بێمزورتێ دراوەتە بەر دەستڕێژ و بە سەختی بریندار و پاشان دەستبەسەر کرابوو.


ئەو هاووڵاتییە کوردە مانگی گەلاوێژی ٢٧١٨ (ئاگۆستی ٢٠١٨) بۆ جاری یەکم لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی هاوکاری و ئەندامەتی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.


مەحیەدین ئیبراهیمی، ڕۆژی شەممە ٢٨ی بەفرانباری ٢٧١٩ (١٨ی جەنیوەری ٢٠٢٠) حوکمی سێدارەکەی بۆ جاری دووەم بە تۆمەتی «بەغی و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو، پشتڕاست کراوەتەوە هەمان ڕۆژ بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.


مەحیەدین ئیبراهیمی خێزاندارە و باوکی دوو منداڵی کەم ئەندامە و ساڵی ٢٧١١ هەر بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکرات بۆ ماوەی ١٤ مانگ لە بەندیخانەڕاگیرابوو.


شیاوی ئاماژەپێدانە کە، نورەدین ئیبراهیمی برای ئەم بەندکراوە سیاسییە لە بانەمەڕی ساڵی ٢٧١٧ و چەند مانگ پێش دەستبەسەرکرانی، لەکاتی کۆڵبەری لە سنووری شنۆ کەوتە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و کوژرا.هەروەها محەممەدباپیر ئیبراهیمی باوکی ناوبراو پێشتر لەلایەن سوپای پاسدارانەوە کوژرابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە